سەرۆكی فەرەنسا "بەم زوانە" سەردانی عێراق دەكات
  2023-08-29       414       

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەم زوانە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا سەردانی عێراق دەكات.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شەیاع سودانى، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆكی فەرەنساوە پێگەیشت.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سودانی و ماكرۆن باسیان لە چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و جێبەجێکردنی بڕگەكانی ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی ئابوری و کولتوری و ئەمنی و سەربازی، بەتایبەتی دۆسیەی گرێبەستی کڕینی ڕادار لە کۆمپانیای تالیسی فەڕەنسی كرد کە ئەمڕۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنگی لەسەر درا كە عێراق بەهێزتر دەکات لە کۆنترۆڵکردن و سەپاندنی سەروەری تەواوی بەسەر ئاسمانی وڵاتدا.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی بەغدا-2023 کرا لەگەڵ ئەو سەردانە فەرمییەی کە سەرۆکی فەڕەنسا بەم زوانە بۆ بەغدای پایتەخت دەیکات، لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×