دەزگای هەواڵگری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ژنێك و هاوسەرەكەی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ فرۆشتنی منداڵەكەیان بەبڕی 20 ملیۆن دینار لە بەغدا دەستگیركران و لەئێستاشدا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت.
ئاوێنە: دەزگای هەواڵگری لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "مەفرەزەكانی تایبەتمەند لە بەرەنگاربونەوەی تاوانە ڕێكخراوەكان لەناو پارێزگای بەغدا چاودێری زانیاری دروستیان دەكرد سەبارەت بە ژنێك و هاوسەرەكەی كە منداڵەكەیان تەمەنی كەمتر لە شەش مانگە و بەمەبەستی فرۆشتن نمایشكردوە و داوای 20 ملیۆن دیناری لێدەكەن".
ئاماژەی بەوەشكردوە، دەستبەجێ تیمێكی كار بۆ بەدواداچون و پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیاریانەی كە وەرگیراون پێكهێنرا و دوای تەواوكردنی لێكۆڵینەوە پێویستەكان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەری، مەفرەزەكانمان لە بەرەنگاربونەوەی تاوانە ڕێكخراوەكان توانیان بە بۆسەیەكی ورد، فرۆشتنی منداڵەكە پوچەڵ بكەنەوە و ژن و هاوسەرەكەشی دەستگیربكەن.
ئەوەشیخستەڕو، لە كاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەركەوت كە ئەوان دایك و باوكی منداڵەكەن بە ئاشكرا دانیان بەوەدا ناوە كە بڕی 20 ملیۆن دینار منداڵەكەیان خستۆتەڕو بەمەبەستی فرۆشتنی، لەئێستاشدا هەردو تۆمەتبارەكە ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەیان
دەزگای هەواڵگری داوای لە هاوڵاتیان كرد، لەكاتی بونی هەر روداو و حاڵەتێكی گوماناوی پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بێبەرامبەر 144 بكەن، بەمەبەستی دەستگیركردنی كەسانی دەرەوەی یاسا لە سەرتاسەری عێراق.