ئەندازیارێكی وەزارەتی كارەبا سودەكانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا دەخاتەڕو و راشیدەگەیەنێت، هەركەسێك بیەوێت دەتوانێت سیستمی سۆلەر بۆ ماڵەكەی دابنێت و مانگانەش لەبری ئەوەی پارە بداتە حكومەت دەتوانێت بڕێك پارە وەربگرێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی بڵاوكراوەیەكی وەزارەتی كارەبا، ئەندازیار چالاك عەبدولكەریم لەبارەی جیاوازیی سودوەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەراورد لەگەڵ سەرچاوەكانی دیكەی بەرهەمهێنان چییە رایگەیاندوە، وزەی خۆر ژینگە پیس ناكات، بێ دەنگە، پێویستی بە سوتەمەنی نییە، هەروەها تەمەنی كاركردنی زۆرە و لە ماوەی چەند ساڵێكدا تێچوی خۆی دەردەهێنێتەوە، هەتا وزەی خۆریش هەبێت، كارەبای نیشتمانی بەكار نایەت".
سەبارەت بە هەژماركردنی وزەی كارەبای زیادەی سۆلەر بۆ هاوڵاتیان لەلایەن حكومەتەوە، ئەندازیار چالاك عەبدولكەریم رونیكردۆتەوە، ئەو وزەیەی لە ماڵ زیاد دەبێت، لە ڕێگەی پێوەری زیرەكەوە بۆ تۆڕی كارەبا دەگەڕێتەوە و لە پسوڵەی كارەبادا بۆی تۆمار دەكرێت، ئەگەر بەرهەمهێنانی زیاتر بو، بۆی دەكرێتە باڵانس، ئەو سنورەی بۆ بەكارهێنانی ئەمپێری كارەبای نیشتمانی دانراوە، لەسەریان هەڵدەگیرێت".
لەبارەی رێكارەكانی تۆماركردنی سیستمی وزەی خۆر، ئەو ئەندازیارە دەڵێت، "پاش دانانی سیستمی سۆلەر، هاوڵاتی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردن داواكاریی بۆ تۆماركردنی سیستمەكە پێشكەش دەكات و پاشان كۆمەڵێك زانیاری لێ وەردەگیرێت و تۆماردەكرێت"
سەبارەت بەو شوێنانەشی كە سیستمی پریپەیدیان هەیە، چۆن دەتوانن سود لە دانانی سیستمی سۆلەر وەربگرن؟ ئەندازیار چالاك عەبدولكەریم لەوەڵامدا دەڵێت، "پاش تۆماركردن، سیستمی پریپەیدیان لەسەر لا دەبرێت و وەك ئەوانەی پێشو بە پسوڵە و وزەی گەڕاوەیان بۆ ئەژمار دەكرێت".
ئەو ئەندازیارە داواشیكردوە، "حكومەت رسوماتی گومرگی لەسەر هەمو كەلوپەلێكی سیستمی سۆلەر بۆ هەرزانكردنی نرخەكەی لە بازاڕدا لا ببات، هەروەها كارگەی دروستكردنی كەلوپەلی سیستەمی سۆلەر بۆ هەرزانكردنی نرخەكەی لەبازاڕدا دابمەزرێنێت، لەگەڵئەوەشدا سیستمەكە بەشێوەی قیستی درێژخایەن بە هاوڵاتیان بدرێت".