هاوكات لهگهڵ بهرفراوانبونی گردبونهوهی لایەنگرانی حەشدی شەعبیو هەندێ لایەنی عەرەبیو توركمانی دژی ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەرکرایەتی پارتی لهكهركوك، وهفدێکی باڵای ئەمنیی عێراق بەسەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم روکن، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا بەمەبەستی ئاگاداربون لەرەوشی ئەمنیی پارێزگاکە، گەیشتە شاری کەرکوک.
ئاوێنه: وەزارەتی بەرگریی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فەریقی یەکەم روکن، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا بەیاوەری ھەریەک لەجێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریق روکن قەیس خەڵەف محەمداوی و فەرماندەی ھێزە وشکانییەکان، فەریق روکن قاسم محەمەدی، گەیشتووەتە شاری کەرکوک.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانج لەسەردانی وهفدەکەی عێراق بۆ پارێزگای کەرکوک، ئاگاداربونە لەرەوشی ئەمنی پارێزگاکە.
ئەوەش خراوەتەڕو کە وهفدەکە لەسەردانەکەیدا بۆ کەرکوک، ھێزە ئەمنییەکان لەپارێزگاکە بەسەر دەکاتەوە.
ئەم سهردانه لەکاتێکدایە كه لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ئابی ڕابردوەوە، گردبونهوهو ناڕەزایی دژ بەڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک لەلایەن لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەق دەستیپێکردووهو تا ئێستا بەردەوامە.
ھاوکات دوای دو ڕۆژ، لایەنگرانی عەسائیبی ئەھلی حەق لەشەقام کشانەوەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان ڕادەستی لایەنگرانی بەرەی عەرەبی یەکگرتو کرد کە سوننەن، دواتر لایەنگرانی بەرەی تورکمانیش ھاتنە سەر شەقام و بەشدارییان لەگردبونهوهو ناڕەزایەتییەکان کرد.
گردبونهوهو ناڕەزایەتییەکان لەکەرکوک دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لەسەرەتای مانگی ئابدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی فەرمانی دەرکرد بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک ڕادەستی ئهو حزبه بکرێنهوه.
لهدوای ڕوداوهكانی 16ی ئۆكتۆبهر، بارەگای سەرەکی ئەنجومەنی سەرکرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەکەرکوک دهستیبهسهرداگیراو تائێستا چۆڵ نەکراوەو بەدەست فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکەوەیە.