دادگای فیدراڵی بڕیاره‌كه‌ی سودانی بۆ رادەستكردنەوەی بارەگاكەی پارتی لەكەركوك راده‌گرێت
  2023-09-03       952       

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جێبەجێكردنی بڕیاره‌كه‌ی سەرۆك وەزیرانی عێراقی راگرت، بۆ رادەستكردنەوەی بارەگای فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك بەپارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێشتر ئه‌و باره‌گایه‌، باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كه‌ركوكی‌ ئه‌و حیزبه‌ بووه‌ له‌شاره‌كه‌. هاوكات پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی‌ کەرکوک-یش داوای لەمحەمەد شیاع سودانی‌ كردووه‌ كه‌ بڕیاری چۆڵکردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک دوابخات.

ئاوێنه‌:  ئه‌مڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتار وەسفی عاسی حوسێن کە پەرلەمانتارێکی عەرەبی کەرکوکەو داوایکردبو دادگاکە بڕیارێکی بەپەلە بۆ راگرتنی رێکارەکانی رادەستکردنەوەی بارەگای "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک" بدات. دادگاکە بڕیاریدا تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بابەتە کراوە، سەرجەم رێکارەکانی رادەستکردنەوەکە رابگیرێن.
  
پاساوی دادگاکەش بۆ ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی، پاراستنی ئاسایشی کەرکوک و گیانی هاوڵاتیان و پاراستنی دەستوری عێراقە کە جەخت لەسەر پێکەوەژیان و پاراستنی سەروەرەی و یەکێتیی خاکی عێراق دەکاتەوە. 

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و به‌پێی‌ ڕاگەیەندراوی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، راکان سەعید جبوری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی ئەنجامداوەو داوای لێکردووە کە لەئیستادا بڕیاری چۆڵکردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک دوابخات.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر داواکەی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت نیشانداوە لەبارەی دواخستنی بڕیاری چۆڵکردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک.
 
رۆژی 25ی 8ی‌ 2023، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان داوای كرد فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بارەگاكەیان چۆڵ بكەن‌و رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستانی بكەنەوە، چونكە ئەم بینایە بەر لەروداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بارەگای پارتی بووە. 

به‌ڵام لەدوای بڕیاره‌كه‌ گردبونه‌وه‌و ناڕەزایی دژ بەڕادەستکردنەوەی بارەگای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک لەلایەن لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەق‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ ماوه‌ی‌ پێنج ڕۆژ‌ بەردەوام بو، به‌و هۆیه‌وه‌ ڕێگای‌ كه‌ركوك - هه‌ولێریش داخرا.

ئێواره‌ی‌ دوێنێ 2ی‌ 9ی‌ 2023 له‌گه‌ڕه‌كی‌ ره‌حیم ئاوای‌ كوردنشینی‌ شاری‌ كه‌ركوك به‌شێك له‌هاوڵاتیانی کوردو لایه‌نگرانی‌ پارتی‌ له‌و شاره‌، خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای کردنەوەی رێگاکەیانکرد.

خۆپیشاندانه‌كه‌ گرژی‌‌و ئاڵۆزی‌ لێكه‌وته‌وه‌و به‌ته‌قه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق چوار گه‌نجی‌ كورد شه‌هیدبون‌و 15ی‌ دیكه‌ش برینداربون.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوش بەفەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، خێوەتی مانگرتووانی لایەنگرانی حەشدو لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لابراو ڕێگەی نێوان کەرکوک - هەولێر کرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×