سودانی‌ پەیامێك ئاراستەی لایەنەكانی كەركوك دەكات
  2023-09-03       432       


 

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لێپرسینەوە لەسەرجەم ئەو كەسانە دەكرێت كە هۆكاری سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكانی كەركوك بون‌و پەیامێكیش ئاراستەی لایەنەكانی كەركوك دەكات.

ئاوێنه‌: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا محەمەد شیاع سودانی جەختی‌ لەپاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی شاری كەركوك كردووەتەوەو داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکوک کردووە، کەمتەرخەمی نەکەن لەسزادانی تەواوی ئەو کەسانەی بونەتە هۆکاری شه‌هیدو برینداربونی خۆپیشاندەرانی کەرکوک.

ڕاشیگه‌یاندووه‌، پێویستە هاوڵاتیانی كەركوك بەدوربگیرێن لەدووبەرەكی و بەربگیرێت لەهەر هەنگاوێك كە مەبەست لێی تێكدانی دۆخی ئەمنیی كەركوك و عێراق بێت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق داواشی‌ كردووه‌ لێپرسینەوە لەسەرجەم ئەو كەسانە بكرێت كە هۆكاری سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكانی كەركوك بون.

هه‌ر لەكۆبونەوەكه‌دا محەمەد شیاع سودانی وتویه‌تی‌، "پێویستە سەرجەم لایەنەكان لەكەركوك پابەندبن بەپاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی".

رۆژی 25ی 8ی‌ 2023، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان داوای كرد فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بارەگاكەیان چۆڵ بكەن‌و رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستانی بكەنەوە، چونكە ئەم بینایە بەر لەروداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بارەگای پارتی بووە. 

به‌ڵام لەدوای بڕیاره‌كه‌ گردبونه‌وه‌و ناڕەزایی دژ بەڕادەستکردنەوەی بارەگای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک لەلایەن لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەق‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ ماوه‌ی‌ پێنج ڕۆژ‌ بەردەوام بو، به‌و هۆیه‌وه‌ ڕێگای‌ كه‌ركوك - هه‌ولێریش داخرا.

ئێواره‌ی‌ دوێنێ 2ی‌ 9ی‌ 2023 له‌گه‌ڕه‌كی‌ ره‌حیم ئاوای‌ كوردنشینی‌ شاری‌ كه‌ركوك به‌شێك له‌هاوڵاتیانی کوردو لایه‌نگرانی‌ پارتی‌ له‌و شاره‌، خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای کردنەوەی رێگاکەیانکرد.

خۆپیشاندانه‌كه‌ گرژی‌‌و ئاڵۆزی‌ تێكه‌وت‌و به‌ته‌قه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق چوار گه‌نجی‌ كورد شه‌هیدبون‌و 15ی‌ دیكه‌ش برینداربون.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوش بەفەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، خێوەتی مانگرتووانی لایەنگرانی حەشدو لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لابراو ڕێگەی نێوان کەرکوک - هەولێر کرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×