محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ستایشی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و سەرجەم پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكات بۆ پشتیوانیكردنی زیارەتكارانی چلەی ئیمام حسێن كە ژمارەی زیارەتكارانی ئەمساڵ بێ پێشینە بوەو گەیشتۆتە زیاتر لە 22 ملیۆن زیارەتكار.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا بە ئامادەبونی پارێزگاری كەربەلاو ژمارەیەك لە وەزیرو فەرماندە ئەمنییەكان لە شاری كەربەلا رایگەیاند، پلانی زیارەتی چلە بەشێوەیەكی سەركەوتوانە بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ یەكەمجارە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان لە پارێزگای ئەنبارو سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بەشداردەبن لە پلانی زیارەتدا كە هەرێمی كوردستان تیمی پشتیوانی و گواستنەوەو خزمەتگوزاری ناردوەو ئەوەش رێزی گەلی عێراقە بۆ ئەم بۆنەیە.
وتیشی، زیارەتی ئەمساڵ بێ پێشینە بوە لەڕوی ژمارەی زیارەتكارانەوە كە ژمارەیان گەیشتۆتە زیاتر لە 22 ملیۆن كەس و بۆ یەكەمجاریش 1200 پاس بەكرێ گیران بۆ گواستنەوەی زیارەتكاران و پارەی لەسەر بودجەی لەناكاوی دەوڵەت بۆ تەرخانكراوە.