وتەبێژی حكومەتی عێراق: بەغدا تەواوی پابەندییە داراییەكانی خۆی بەرامبەر بە هەرێم جێبەجێكردون
  2023-09-08       640       

باسم عەوادی، وتەبێژی رەسمی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، بەغدا تەواوی پابەندییە داراییەكانی خۆی بەرامبەر بە هەرێم جێبەجێكردون. دەڵێت، تا كۆتایی مانگی حوزەیران، ئەو پارانەی كەوتونەتە ئەستۆی هەرێم گەیشتۆتە زیاتر لە سێ ئەوەندەی پشكی هەرێم. هەروەها دەشڵێت، وێڕای پابەندنەبونی هەرێم بە رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە قەرز بداتە هەرێم تا ئەو كاتەی كێشە داراییەكانی چارەسەر دەكرێن.

ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی رەسمی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"حكومەتی فیدرال پابەندییە داراییەكانی خۆی لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی جیبەجێ كردون و هەوڵی زۆریشی داوە بۆ پێشكەشكردنی چارەسەر."

بەقسەی وتەبێژی حكومەتی عێراق "تا كۆتایی مانگی حوزەیران، ئەو پارانەی كەوتونەتە ئەستۆی هەرێم زیاتر لە سێ هێندەی پشكی هەرێمن بەپێی خەرجییە فیعلییەكانی دەوڵەت، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو داهاتە نەوتی و نانەوتییانەی رادەست نەكردون كە یاسای بودجەی فیدراڵ رادەستكردنیانی چەسپاندون."

هەروەها ئەوەشی وتوە"وێڕای پابەندنەبونی حكومەتی هەرێم، حكومەتی فیدرال بڕیاریداوە خەتای ئەم پابەندنەبونە بەسەر هاوڵاتیانی عێراقیدا لە هەرێم نەسەپێرێت و بەپێی ئەوەی كە یاسا رێگەی پێدەدات هەڵساین بە دەركردنی بڕیارێك لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی قەرز بە هەرێم تا ئەو كاتەی كێشە داراییەكانی بەپێی رێساكان، چارەسەر دەكرێن."

باسم عەوادی جەختی كردۆتەوە كە "حكومەتی فیدرال پەرۆشە بۆ مافەكانی هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان هەروەك پەرۆشیی بۆ مافەكانی هاوڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاكان."

وتوشیەتی"پابەندبون بە یاسا فیدرالییەكان و رێككەوتنە ئیمزاكراوەكان لە سایەی دەستوردا، كورتترین رێگەیە بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی ناردنی پارە و بەهێزكردنی متمانە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە شەوی رابردو مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، رایگەیاند"نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدرالدا هاتوە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاوڵاتیانمان دەگەیەنێت، متمانە کەم دەکاتەوە و پێشێلکردنی دەستورو ڕێککەوتنەکانیشە."

مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا هێمای بۆ ئەوەش كرد، بەپێی یاسای بودجە، حكومەتی عێراق پابەندە مانگانە 1.375 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان بۆ مانگەكانی حەوت، هەشت و نۆ هیچ بڕە پارەیەكی پێ نەگەیشتوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×