لیژنەی دارایی لەبارەی دەستکاریکردنی پلەبەندی موچە، فەرمانبەرانی عێراق نائومێد دەکات‌
  2023-09-12       493       

لیژنەی دارایی لەبارەی دەستکاریکردنی پلەبەندی موچە، فەرمانبەران نائومێد دەکات‌و ئەندامێکی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانیش لەبارەی دەستکاریکردنی پلەبەندی موچەی فەرمانبەران هەواڵێکی نائومێدکەر ڕادەگەیەنێت‌و دەڵێت، "بەهۆی بەردەستنەبونی پارەی زیادەوە حکومەت‌و په‌رله‌مان ناتوانن یاسای خشتەی نوێی موچەی فەرمانبەران پەسەند بکەن".

موعین کازمی ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وتویەتی، "بەهۆی پشتبەستنی حکومەت بەهەناردەکردنی نەوت‌و لەگەڵ ڕاگرتنی هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیش، دواجار بەهۆی بەردەستنەبونی پارەی زیادەوە، حکومەت‌و په‌رله‌مان ناتوانن یاسای خشتەی نوێی موچەی فەرمانبەران پەسەند بکەن".

پێشتریش جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاندبوو، سێ بژاردە لەبەردەستدایە بۆ دەستکاریکردنی خشتەی موچەی فەرمانبەران، کە یەکێکیان ئەوەیە هەموارەکە لەسەر بنەمای هەمان ئەو بڕە پارەیەی ئێستا بێت کە پێویستیەتی بێ هیچ زیادکردنێت، واتە کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان‌و بەرزکردنەوەی موچەی پلە نزمەکان، دوەمیش لەڕێگه‌ی بودجەیەکی تەواوکاریی تایبەتەوە، سێیەمیشیان دواخستنی دەستکاریکردنی خشتەکە لەگەڵ بودجەی ساڵی 2024.

هەروەک، عەتوان عەتوانی ئەندامی لیژنەی دارایی جەختیکردبۆوە کە لەهەنگاوەکانی دەستکاریکردنی پلەبەندی موچەی فەرمانبەران بەردەوامن بەشێوەیەک دادپەروەریی بەدیبهێنێت.

ڕونیشیکردبۆوە، لەخشتە نوێکە ئێستا لەبەردەستی لیژنەیەک لەپسپۆڕانە بۆئەوەی ڕای کۆتایی لەسەر بدەن‌و دواتر ڕەوانەی په‌رله‌مان بکرێت بۆ پەسەندکردنی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×