ئەمریكا لەبارەی "خراپ مامەڵەكردن" بە دۆلار لە بانكەكاندا هۆشداری دەداتە عێراق
  2023-09-14       500       

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا هۆشداری دەداتە بانكی ناوەندیی عێراق لەبارەی خراپ مامەڵەكردن بە دۆلار لە بانكە بازرگانییەكانی عێراقدا، لەنێو ئەو مامەڵە خراپانەشدا ئاماژەی بە بونی ساختەكاری، سپیكردنەوەی پارەو خۆدزینەوە لە سزاكانی سەر ئێران داوە.

ئاوێنە: بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق بۆ خۆبەدورگرتن لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر كەرتی دارایی وڵاتەكەدا، دەبێت چارەسەری ئەو مەترسییە بەردەوامانە بكات كە لە خراپ مامەڵەكردن بە دۆلار لە بانكە بازرگانییەكانی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن و ئاماژەی  بە بونی ساختەكاری و سپیكردنەوەی پارەو خۆدزینەوە لە سزاكانی سەر ئێران لە بەشێك لەو بانكانەدا داوە.

لەمانگی تەمموزی ئەمساڵدا، ئەمریكا سزای بەسەر 14 بانكی بازرگانی عێراقیدا سەپاندو بێبەشیكردن لە مامەڵەكردن بە دۆلار، ئەوەش لەچوارچێوەی هەڵمەتێكدا دژی بەكارهێنانی نایاسایی دۆلار.

وێڕای ئەو هەڵمەتە، بەرپرسە باڵاكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بە رۆیتەرزی وتوە، ئێستاش چەند بانكێكی دیكەی عێراقی هەن، مەترسیدارانە كاردەكەن و دەبێت چارەسەربكرێن.

ئەو بەرپرسە ئەمریكییە راشیگەیاندوە، رێكارەكانیان تەنیا بۆ بە ئامانجگرتنی ئێران نین، بەڵكو ئێران بەشێكە لەو هەڵمەتە فراوانەی كە هەیانە بۆ "ئاساییكردنەوە"ی سیستمی دارایی عێراق و روبەڕوبونەوەی چەندین تاوانی دارایی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×