وەزارەتی بازرگانی عێراق: ئاردی خۆماڵی کواڵتییەکەی زۆر باشترە لە ئاردی هاوردەکراو
  2023-09-15       401       

بەرێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی عێراق رایگەیاند، دانەوێڵە بەسەر ئاشەکانی عێراقدا دابەش دەکرێت، تاکو ئارد بۆ هاوڵاتیان بەرهەمبهێنن، ئەو ئاردەی لە عێراقیش بەرهەمدەهێنرێت لە ئاردی هاوردەکراو باشترە.

ئاوێنە: خالد نەداوی بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی و پیشەسازی دانەوێڵەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی ڕاگەیاندوە، کۆمپانیاکە هەنگاوە سەرەکییەکانی پەیوەست بە سەرخستنی پڕۆژەی ئاردی بازرگانی جێبەجێکردوە و دەست بە دابەشکردنی دانەوێڵە دەکرێت تا ئارد بۆ ناوخۆی عێراق دابینبکرێت .

ئاماژەی بەوەشکردوە، بە سەرپەرشتی ئەوان دانەوێڵە بەسەر ئاشە تایبەتەکاندا دابەشدەکرێت، بۆ ئەوەی ئارد بۆ هاوڵاتیان، خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان دابین بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاشەکانی عێراق بە وزەیەکی گەورەی بەرهەمهێنان کاردەکەن و ئەو ئاردەی بەرهەمی دەهێنن لە بازاڕەکان بە ئاسانتر دەفرۆشرێت و کوالێتییەکەی لە ئاردی هاوردەکراو بەرزترە.

لەوچوارچێوەیەدا وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ٣١٧ ئاشی ناحکومی لە عێراقدا بوونیان هەیە و حکومەتیش پشت بەو ئاشانە دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی ئارد، و هەمان ئەو ئاردەش بەرهەم دەهێنن کە لە بەشە خۆراکی هاوڵاتیان دابەشدەکرێت .

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، لە دوای پرۆسەی وەرگرتنی گەنم، پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئارد دەست پێدەکات و حکومەتی ناوەندیش بۆ ئەو مەبەستە پشت بە ئاشە ئەهلییەکان دەبەستێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×