پەرلەمانتارێكی عێراق: سكاڵا دژی ناردنی پارە بۆ هەرێم تۆماردەكەم
  2023-09-16       543       

مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سكاڵا دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان تۆماردەكەم. ئەوەش لەكاتێكدایە كە بڕیارە سبەی یەكشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆببێتەوەو لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێم بڕیار بدات.

ئاوێنە: مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، رایگەیاند، پارێزەرەكەمم راسپارد بۆ ئەوەی سكاڵا لەسەر ئەنجومەنی وەزیران تۆماربكات لەبارەی پێدانی سلفە بە هەرێمی كوردستان.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێی وایە بڕیاری لەو جۆرە، لە دەرەوەی شایستەكانی یاسای بودجەیە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردو، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم لە بەغدا بو، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و بەشێك لە سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبونەوەی خۆیدا لەبارەی پرسی پشك و موچەی هەرێم بڕیار دەدات و وتیشی، زۆر گەشبینم كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەكەیدا بڕیاری باش دەدات.

دوای كۆبونەوەكانی لە بەغدا وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم درەنگانی شەوی پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، كۆبوەوە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و یەكێك لە بەشدارانی ئەو كۆبونەوەیە رایگەیاند، ھەمو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتی عێراق، بڕیاریانداوە لە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممەی داھاتو دەنگ بدەن لەسەر ناردنی بڕی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ ھەرێمی کوردستان.

وتیشی: ناردنی ئەو 800 ملیار دینارە بۆ هەر مانگێك لە مانگەکانی (7 تا 12)ی 2023 دەبێت كە بە کۆی گشتی ئەو پارەیەی بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینار دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×