پەرلەمانتارێک هۆشداری دەداتە حکومەت لەوەی پارە بۆ هەرێم بنێرێت
  2023-09-17       470       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەگەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ بدات بڕی ٨٠٠ ملیار دینار، کە مانگانە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوا هەڵەیەکی گەورەی دەستووریی و یاسایی ئەنجام دەدات.

ئاوێنه‌: مستەفا سەند ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ بە ناردنی بڕی ٨٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بدات، ئەوا هەڵەیەکی گەورەی دەستووریی و یاسایی ئەنجام دەدات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، گەر ئەم کارە ئەنجام بدرێت، ئەوا حکومەت بە پارەی خەڵک هەوڵی ڕازی کردنی لایەنە سیاسییەکان و حزبەکان دەدات.

پرسیار لە دەستەی دەستپاکی دەکات و دەڵێت، ئەگەر فەرمانبەرێکی ئاسایی سەرپێچی یاسا بکات و ببێتە هۆی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی وەکو ئێستا بێ دەنگ دەبن؟

ئەمە لە کاتێدایە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ناردنی بڕە پارەیەکی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بکەن، تا ئێستا دیار نییە حکومەتی عێراق بڕیار لە ناردنی پارە بۆ هەرێم دەدات یاخود نا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×