سەرۆك كۆمار لە سەر بۆردوومانەکەی فڕۆكەخانەی عەربەت باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات
  2023-09-19       403       

نوسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق بڵاوی كردەوە، لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق سەبارەت بە بۆردوومانی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت بانگهێشتی وەزارەتە ئەمنییەكان و باڵیۆزی توركیا لە بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی باڵیۆزەكەیەوە نامەیەكی ناڕەزاییەتی پێشكەش بە ئەردۆغان بكات.

ئاوێنه‌: دوای ئەوەی دوێنێ فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت بۆردوومان كرا و شەش كەس بوونە قوربانی، حكومەتی عێراق پەنجەی تۆمەتی بۆ توركیا درێژ كرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق سەبارەت بە ئەو بۆردوومانە و كاردانەوەكانی سەرۆك كۆماری عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە بانگهێشتی وەزارەتە ئەمنییە پەیوەندیدارەكانی عێراق و باڵیۆزی توركیا لە بەغدا كراوە، بۆ گەیاندنی نامەیەكی ناڕەزایی بۆ ئەوەی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی دەوڵەتی تورك بكرێت، سەبارەت بە بۆردوومانی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی.

ئاماژە بەوەش كراوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هێرشە سەربازییە سیستماتیكییەكان بۆ سەر خاكی عێراق، بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان، بەبێ پاساوی سەربازی و ئەمنی بەرەو زیادبوون دەچێت، ئەو هێرشانەش هاوڵاتی مەدەنی و بارەگا سەربازی و ئەمنییەكانی دەكاتە ئامانج.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئێمە چەند جارێك بۆ دەسەڵاتدارانی توركیامان ڕوون كردووەتەوە، كە عێراق ئامادەیە لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییە پەیوەندیدارەكان دابنیشێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشایانەی كە توركیا پێی وایە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكەی، بەڵام هیچ وەڵامێكی ڕاستەقینەمان لەو بارەیەوە نەبینیووە.

ڕوونیش كراوەتەوە، دەستپێكردنی هێرشە سەربازییە یەك لە دوای یەكەكان و بە ئامانجگرتنی شارەكان و خەڵكی مەدەنی و كارمەندانی سەربازی، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی دراوسێیەتییە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو دەستدرێژییە بە چەك ئەنجام بدرێت.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئێمە بە توندترین شێوە ئەم هێرشە دووبارەبووانە بۆ سەر وڵاتەكەمان  ئیدانە دەكەین، هەروەها لە  ساڵی ٢٠٠٣ەوە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق كاریان كردووە بۆ ناردنی پەیامی دڵنیاكەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهان، كە عێراقی نوێ تەنها باوەڕی بە گفتوگۆ هەیە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

باس لەوەش كراوە، ئەم جۆرە هێرشانە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە قبوڵ ناكرێت، عێراق بێدەنگ نابێت، دەشڵێت، ڕۆژانە خاكی عێراق بەر هێرشی سیستماتیك دەكەوێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر نیەتی خراپ و نەبوونی خواستی پەیوەندییەكی سەلامەت و سەقامگیر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

لە كۆتاییدا ئەوە خراوەتە ڕوو، ڕووحی شەهیدەكانی عێراق شاد بێت، چ مەدەنی بێت یا كارمەندە هێزە ئەمنییەكان، كە لە ئەنجامی دووبارەبوونەوەی دەستدرێژیی توركیادا شەهید بوون، ئێمە بە جدی كار دەكەین بۆ ڕاگرتن ئەو جۆرە هێرشانە، هەروەها عێراقی نوێ تەنها باوەڕی بە زمانی دیالۆگ هەیە، بێدەنگیش نابین لە بەرامبەر ئەوانەی هەوڵی تێكدانی ئاسایش و سەروەریی و سەقامگیریی عێراق دەدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×