سودانی و رەئیسی لە ئەمریكا كۆبووەوە
  2023-09-21       484       

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمریكا لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران كۆبووەوە.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێوارەی دوێنێ لە نیویۆرك چاوی كەوت بە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران.

كۆبوونەوەكە لە پەراوێزی بەشداریكردنیاندا بوو لە خولی 78ی كارەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان.

سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە پێویستیی خێراكردنی هەوڵەكان بۆ سەركەوتنی پرۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا كردەوە، كە بەمدواییە خۆی لە پرۆژەی هێڵی ئاسنینی تایبەت بە گواستنەوەی گەشتیاران لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەبینێتەوە.

لە رووی سیاسیشەوە جەختیكردەوە، عێراق رێگەنادات خاكەكەی بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربهێندرێت، پێویستیشە سەرجەم كێشەكان لەگەڵ دراوسێ هەرێمایەتییەكان بخرێتەبەر گفتوگۆ لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی گرفتەكان، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

لای خۆیەوە سەرۆك كۆماری ئێران هەوڵەكانی عێراقی لەبارەی دۆخی ناوچە سنوورییەكان بەرزنرخاند.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×