بافڵ تاڵه‌بانی: بەپارێزگابوونی هەڵەبجە قەرەبوویەکی بچووکە بەرامبەر ئەو قوربانییەی شارەکە داویەتی
  2023-09-21       417       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق لە بەغدا رایگەیاند، بەپارێزگابوون و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە ئەرکی هەموولایەکە و پێویستە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شارە و خەڵکەکەی بکرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، تیایدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا ئیدانەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت و شەهیدبوونی پێشمەرگە قارەمانەکانی دژەتیرۆر کرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا. داواشکرا هەموولایەک یەکدەنگ و هەڵوێست بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییانەی دەرحەق بە سەروەریی عیراق و هەرێم ئەنجامدەدرێن.

ئەوەش هاتووە: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە رێککەوتنەکان و چارەسەری دەستوورییانەی کێشەکان کردەوە بەشێوەیەک کە مافی هەموولایەک پارێزراو بێت.

لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و پشتیوانیی لایەنەکانەوە، بافڵ تاڵەبانی وتی، "بەپارێزگابوون و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە ئەرکی هەموولایەکە و پێویستە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شارە و خەڵکەکەی بکرێت، بەپارێزگابوونیشی قەرەبوویەکی بچووکە بەرامبەر ئەو قوربانییەی داویانە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×