سودانی: هیچ قەیرانێکی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا نییە
  2023-09-22       673       

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هیچ قەیرانێکی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدا نییە، تەنها کێشەی دارایی هەیە ئەویش تێپەرێندراوە، دەستێوەردان بۆ کاری سیاسی عێراق لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکەن، عێراق خاوەنی بڕیاری نیشتمانی خۆیەتی، هیچ بڕیارێکیش لە بەرژەوەندی تورکیا و ئێران و ئەمریکا نادەن.

ئاوێنه‌: محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیبەیتی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی سەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشەکانی داعش، عێراق بە ئەزمونێکی ئازاربەخشی بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا رۆشت، بەڵام لە دوای سەرکەوتن بەسەر داعشدا، عێراق سەرەتایەکی نوێی دەستپێکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هیچ لایەنێکی دەرەکی قبوڵ ناکەن، ببێتە لایەنی سێیەم بۆ گۆڕانکاری سیاسی لە عێراق، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 بە دۆخێکی قورسدا تێپەڕبون، بەڵام بە رێککەوتنی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆتاییان پێهێنا، ئەوەش نیشانەی گەشەی کاری سیاسی عێراقە.

ئەوەشی خستەڕو، پێویستە جیاوازی لە نێوان پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەیوەندی نەرێنی دەستێوەردانی سیاسی بکرێت، هەمو دەستێوەردانێک و زیادەڕەوییەک بۆ سەر عێراق رەتکراوەتەوە، جا لە هەر لایەنێکەوە بێت و دەشڵێت، "بڕیارەکانی عێراق بڕیاری نیشتمانین و لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئێران و تورکیا نییە."

باسی لەوەشکرد، زۆربەی وڵاتان و ئەمریکاش، ئەگەر بیەوێت پەیوەندی لەگەڵ عێراق هەبێت، پێویستە سەرەتا رێز لە سەرەوەری وڵاتەکە و ئیرادەی گەلەکەی بگرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، پێویستییەکانی عێراق، لەگەڵ گەشەسەندنی دانیشتوانەکەی زیاد دەکات، ناتوانرێت تەنها بە داهاتی نەوت پێویستییەکان دابینبکرێت، بۆیە چەند تێڕوانینێکیان بۆ چاکسازی ئابوری هەیە، لە رێگەیەوە پڕۆژەی وەبەرهێنان وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیاری دادەمەزرێنن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ قەیرانێکی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغدادا بونی نییە، تەنها چەند کێشەیەکی یاسایی دارایی هەیە، ئەویش لە رێگەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆوە تێپەڕێندراوە، وتیشی، "هەرێمی کوردستان بکەرێکی سەرەکی کاری سیاسی عێراقە، هەروەها بەشێکی گرنگی پڕۆژە ئابورییەکانە کە سودی بۆ هەمو عێراقییەکان هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×