بە گوێرەی ئامارێکی نوێ، لە سێ مانگی رابردوودا ١٩ هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە، ئەو سەنتەرەی کە ئامارەکەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت جیابوونەوە بووەتە دەردێکی نوێی عێراق.
ئاوێنه: ئامارەکە لەلایەن سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوکراوەتەوە پشتی بەستووە بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەرە، کە دەڵێت تەنها لە ماوەی سێ مانگدا، ١٩ هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە، کە دەکاتە ٩ حاڵەتی جیابوونەوە لە هەموو کاتژمێرێکدا.
لەو بارەیەوە، جێگری سەرۆکی سەنتەرەکە دەڵێت ژمارەکان ئاماژەن بۆ رێژەیەکی بەرزی جیابوونەوە لەناو هاوسەراندا، بەغدا لە پلەی یەکەمدا دێت و بەدواشیدا بەسڕە پلەی دووەمی گرتووە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی، رایگەیاندووە کە هۆکاری سەرەکی ئابووری، بەهۆی بەرزی رێژەی هەژاری و بێکاری، هەروەها تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژی خێزانی و هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەن هۆکاری دیکەن".