بەرپرسێكی یەکێتی: یەکێتی چۆک بۆ هێرش‌و فشارەکانی‌ توركیا دانادات
  2023-09-23       1042       

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەبەغدا له‌باره‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ وەزیری بەرگری تورکیا ده‌ڵێت، حزبه‌كه‌ی‌ چۆک بۆ هێرش‌و فشارەکانی‌ توركیا دانادات. به‌وته‌ی‌ ئه‌و "سەرۆک بافڵ لەوە گەورەترە تەسلیمی ئەمری واقیع بکرێت".

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەمە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "میللیەت"ی توركیدا رایگەیاند، بەردەوام هۆشداری دەدەنە بافڵ تاڵەبانی، سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ لەزیادبونی چالاكییەكانی پەكەكە لەسلێمانی كە ئەو بە چالاكی "تیرۆریستی" ناوی بردوە.

وتیشی‌، "ئاگاداری هەموو شتێکین، لەگەڵ دۆستە عێراقییەکانمان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لەگفتوگۆداین لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام نامانەوێت هەنگاوی توندو بنەڕەتی بنێین."

له‌به‌رامبه‌ردا ڕابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەبەغدا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووه‌، "یەکێتی پشت ئەستورە بەجەماوەرەکەی‌و چۆک دانادات بۆ هێرش‌و فشارەکان، سەرۆک بافڵ لەوە گەورەترە تەسلیمی ئەمری واقیع بکرێت. گەر بیانەوێت بەداخستنی فرۆکەخانەو هێرش، یەکێتی ناچار بکەن، تا چییان بوێت بۆیان بکرێت، یەکێتی ئەمە ناکات."

ڕاشگەیاندووه‌، "تورکیا بەردەوام هەڕەشە لەهەرێم دەکات، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکی بەسەر هەرێمدا دەسوڕێتەوەو مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە، بەتایبەت هێرشی درۆنەکانی تورکیا ناوچە سنورییەکانی تێپەڕاندووەوو لەناو جەرگەی هەرێم خەڵک دەکاتە ئامانج."

ڕابیحە حەمەد وتیشی‌، "بونی میتی تورکیا لەناو شاروشارۆچکەکان لەزیادبوندایە، ئەمە تەنها مەترسی لەسەر سلێمانی دروست نەکردووە، بەڵکو بووەتە مەترسی بۆ سەر هەموو کوردستان و قەوارەکەش. مەرج نییە هاوکارانی تورکیا کەسی تورک بن، ئەوەتا وەزیری بەرگری تورکیا ناوی هێز و لایەنی سیاسی دەهێنێت."

لەڕۆژی 18 ی ئەم مانگە، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا، فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی لەپارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، هێرشەکە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کارمەندی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی.

ڕابیحە حەمەد دەڵێت،"زۆربەی لایەنە عێراقییەکان ئیدانەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەتیان کرد، بەڵام ئیدانەکردن سودی نییە، دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×