پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بڕیارەکانی داداگای فیدڕاڵی ئەوەندەی سیاسین ئەوەندە یاسایی نین، سەبارەت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چۆن بێت، پابەندی ئەوان دەبن.
ئاوێنه: ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بڕیارەکانی ئێستا و پێشوی دادگای فیدڕاڵی ئەوەندەی بڕیاری سیاسین ئەوەندە بڕیاری یاسایی نین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان چاوەڕێی راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمن بۆ ئەوەی بزانن بە چ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارە بکەن و دەشڵێت، "راسپاردەی حکومەتی هەرێم چۆن بێت پابەندی ئەوە دەبن."
هەر لەو کۆنفرانسە، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، ئاگاداری دۆخی مامۆستایانی میلاک و مامۆستایانی وانەبێژ، هەمو فەرمانبەرێک مافی خۆیەتی لە کاتی خۆیاندا موچە وەربگرن.
ئەوەشی خستەڕو، هیوادارن مامۆستایان بگەرێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەم زوانە ئەم قۆناغە سەختەی ئێستا تێدەپەرێنن، راستە دۆخی مامۆستایانی هەرێم خراپە، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیش چارەسەری دۆخەکان ناکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی رابردو دادگای فیدڕاڵی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە بەپێی بڕیاری ئەو داداگەیە دەبێت، موچەی پێنج ساڵیش بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی.