عێراق‌و ئەمریکا لەسەر چۆنێتیی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کۆدەبنەوە
  2023-09-26       547       

شارەزایەکی بواری ئەمنیی عێراقی دوێنی ئاشکرایکرد، بەمنزیکانە لیژنەی هاوبەشی عێراق‌و ئەمریکا کۆبونەوەکانی خۆی ئەنجامدەدات بەمەبەستی ڕێکخستنی چۆنێتیی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لەعێراق.

ئاوێنە: فازڵ ئەبو ڕەغیف شارەزای بواری ئەمنیی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بەپێگەی "مەعلومە"ی ڕاگەیاندوە، "محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لەدانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان، سور بوە لەسەرئەوەی دۆسیەی کۆتاییهێنان بەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش لەو وڵاتە یەکێک بێت لەکارە لەپێشینەکان".

هەروەک وتویەتی، "ڕێککەوتن لەنێوان لایەنی حکومەتی عێراق‌و لایەنی ئەمریکیدا کراوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ دوبارە دانانەوەو ڕێکخستنی بونی ڕاوێژکارە سەربازییەکان"، ئاماژەی بەوەشکردوە، "لیژنەکە لەچەند ڕۆژی داهاتودا کۆبونەوەکانی خۆی ئەنجامدەدات بۆ ڕێکخستنی چۆنێتیی کشانەوەکە".

ئەبو ڕەغیف ڕونیکردۆتەوە، سودانی جەختیکردۆتەوە لەسەر پێویستی دوبارە ڕێکخستنەوەی بونی هێزەکانی سەر بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەعێراق‌و پڕچەککردنی سوپای عێراق بەچەک‌و کەلوپەلی سەربازیی هاوچەرخ‌و بەشداریپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لەخولەکانی بەرزکردنەوەی توانای جەنگیی، ئەوە جگە لەپێدانی زانیاریی ئەمنیی‌و هەواڵگریی بەعێراق بەمەبەستی چالاککردنی لایەنی هەواڵگریی.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتەکەی ڕەشنوسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەوەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە پێگەیشتوە، ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا ئەو ڕەشنوسە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە کە پەیوەستە بەفۆرمی پەیوەندیی نێوان عێراق‌و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×