شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان یان هەمان خەتەنەی ژنان لە کوردستان
  2023-09-28       1355       

کامیل ئەحمەدی

مرۆڤ بە درێژایی مێژو لە دوای پێکهێنانی سیستەمی کۆمەڵایەتی و تێخزاندنی ئایین و ئامۆژەکانی ئایین بۆ ناو ئەم سیستەمە، هەمیشە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پشتی بە ئایین بەستوە، کارەکانی بە پێی ئایین ڕێک خستوە بە پێی ئایین بەراوردی کردوە و لە کۆتاییدا پاساوی ئایینی بۆ هێناوەتەوە.  جگە لە ئایین، فەرهەنگ و نەریتیش ژیانی مرۆڤ ئاراستە دەکەن دو شت کە دەستکردی مرۆڤن کەچی ئێستا مرۆڤ خۆی بۆتە کۆیلە و یەخسیریان و ناتوانێ بیانبەزێنێت.

یەکێک لەو دیاردانە کە مرۆڤ بە پاساوی ئایین و نەریت و فەرهەنگ ئەنجامیان دەدا خەتەنە‌کردنی ژنان یان خەتەنەی ‫مێینیە (FGM شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی مێینە /ژنان)ـه. دیاردەیەک کە پێشینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٥ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا. نەریتێکی زۆر کۆن کە سەرەڕای پێشێل‌کردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی مافە سێکسییەکانی ژنان، هەتا هەنوکەش باوە. ئاخێزگەی خەتەنە ڕوباری نیل لە وڵاتی میسرە هەر بۆیە هەتا ئێستاش وڵاتی میسر لە سەر ئاستی جیھاندا زۆرترین ڕێژەی خەتەنەکردنی ژنانی تێدا ئەنجام دەدرێ، دوای میسر وڵاتانی سۆماڵ، گینیا و جیبۆتی بەرزترین ژمارەی خەتەنەکردنیان لە خۆ گرتوە. یەکێکی دیکە لەو شوێنانەی کە بە ڕێژەیەکی یەکجار کەم خەتەنەی تێدا ئەنجام دەدرێ کوردستانی باشور و کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. پێش ھاتنی ئیسلام لە فەرهەنگ و نەریتی کوردەواریدا خەتەنە بونی نەبوە و ئەم کردارە لە ناو کوردەکاندا تەواو نامۆ بوە هەر بۆیە ھیچ وشە یان دەستەواژەیەکی دیاریکراوی کوردیمان بۆ خەتەنە نییە لەبەر ئەوە وشەی (خەتەنە) "الخِتانُ والخِتانَةُ" ی عەرەبی بەکار دێنن کە لەگەڵ ھاتنی ئایینی ئیسلام بۆ کوردستان ھاتوە، کەواتە خەتەنە لە کوردستاندا دیاردەیەکی هاوردەییە.

لە زمانی کوردیدا پێی دەڵێن سونەت، لە زمانی بەمبەری کە زمانی زۆرینەی خەڵکی مالییە پێی دەڵێن (بۆلۆکی) کە مانای (دەست شۆردن) دەدا، ھەروەھا لە زمانی ئیگبۆیە کە زمانی زۆرینەی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی نێجیریایە پێی دەڵێن (ئیسا ئارۆ) کە بەواتای (سەرشۆردن) دێ، لە زمانی تورکیدا پێی دەڵێن Kadın sünnet، لە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێ Circumcision، لە سودان پێی دەڵێن «خەتەنەی فیرعەونی» و ھەمان شێواز لە میسر پێی دەڵێن «خەتەنەی سودانی» و لە سۆماڵ پێی دەڵێن (جەمسەرکاری) کە مەبەستیان دورخستنەوەی دو لێوی شەرمگەی ژنانە. بەڵام لە زۆرینەی کۆمەڵگەکانی جیھانی ئیسلامدا وشەی سونەت بەکار دەبرێت.

بەڵام ئەم دیاردە لە هیچ کام لە ئایینەکاندا ڕاستەوخۆ باس نەکراوە و ئێمە ناتوانین ئەنجامدانی خەتەنەی ژنان بە ئایینێکی دیاریکراوەوە گرێ بدەینەوە. چونکە ئەم دیاردە لە ناو جولەکەکانی ئەسیوپیا و ئێریتریا و موسڵمانانی نەیجیریا و سۆماڵ و سودان و کۆمەڵێک لە مەسیحییەکاندا باوە.

لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا خەتەنەکردنی کچ مانای ئەوەیە کە کچەکە پێگەیشتوە. لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا بە گشتی ئامانج لە بڕینی ئەندامی زاوزێی کچان و ژنان زیادکردنی پاکیزەیی کچان پێش هاوسەرگیری و پاشان وەفاداریی ژنان و کەمکردنەوەی ئەگەری ناپاکی و فێڵکردن لە هاوسەرەکەی دوای هاوسەرگیرییە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بە لابردنی کلیتۆر، چێژی سێکسیی ژنان بە توندی سنوردار دەبێتەوە بەڵام دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان لە کاتی سێکسکردندا چێژێکی تەواو لە سێکس وەرنەگرن و هەندێ لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە ئەو ژنانەی کە خەتەنە کراون، بە هۆی ئەوەی ئەزمونی سێکسیی دروستیان نەبوە، سێکسیان لەگەڵ زۆرێک لە پیاواندا کردوە بۆ ئەوەی ئەو چێژە سێکسییە بەدەست بهێنن کە دەیانهوێت.

خەتەنەی ژنان چییە؟

بە بڕینی بەشێک یان تەواوی کلیتۆریس (میتکە) و لێوە بچوکەکانی شەرمگە لەگەڵ / یان بە بێ بڕینی لێوە گەورەکانی شەرمگە و یان دورینەوەیان دەڵێن خەتەنە کە سێ جۆر لە خۆ دەگرێ: لە جۆری‌ یەکەمی خەتەنە‌کردنی ژناندا، کلیتۆریس لا دەبرێت؛ لە جۆری دوەمدا، کلیتۆریس لەگەڵ لێوە بچوکەکانی شەرمگەدا دەقرتێنرێ؛ و لە جۆری سێیەمدا دوای بڕینی کلیتۆریس و لێوە بچوکەکانی شەرمگە، لێوە گەورەکانی شەرمگە لێک نزیک دەکەنەوە و دەیاندورنەوە. هەر سێ جۆرەکە زیانی پزیشکییان هەیە، بەڵام زیانی جۆری سێیەم لە جۆرەکانی تر زیاترە.

خەتەنە‌کردنی ژنان و کچان لە ئەدەبیاتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا یەکێک لە نمونەکانی توندوتیژی دژی ژنانە، کە بە هۆی شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی کچان لە هەڕەتی منداڵیدا لێکەوتە نەخوازراوەکانی بۆ هەمیشە لە ژیانی ئەم کچ و ژنانەدا دەمێنێتەوە.

لێکەوتە سەرەتاییەکانی خەتەنەی کچان و ژنان:

ژانی سەخت، خوێنبەربونی زۆر، هەوکردنی شانەکانی زێ (واژەن)، لەرز و تا، نەخۆشی، کێشەی میزکردن، سەختیی چاکبونەوەی برینەکان، زیانگەیاندن بە شانەکانی دەوروبەری زێ، شۆک و هەندێک جار مەرگ.

لێکەوتە درێژخایەنەکانی خەتەنەی ژنان:

کێشەی میزکردن (میزکردنی پڕئازار و هەوکردنی زۆر لە میزدا)، کێشەکانی زێ (دەردانی زێ، خوران، بەکتریای زێ و هەوکردنی درێژخایەن و میزکردنی پەیتاپەیتا)، کێشەی سوڕی مانگانە (ئازاری سوڕی مانگانە، ژانی دەرکردنی خوێنی سوڕی مانگانە)، شانە پەڵە و کیلۆیید، کێشەی سێکسی (ئێش و ئازار لە کاتی جوتبون، کەمبونەوەی ڕەزامەندیی سێکسی و هتد)، بونی کێشە لە کاتی زک و زا (سەختیی منداڵبون، خوێنبەربونی زۆر، نەشتەرگەریی سزارییەن)

هەروەها لێکەوتە دەرونییەکانی خەتەنە بریتییە لە خەمۆکی و  ترس و شۆکی دوای ڕوداوی خەتەنە.

بە پێی ئاماری ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئاستی جیهاندا و بە تایبەتی لە کۆی ٢٨ وڵاتی ئاسیا و ئەفەریقادا، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن کچ و ژن لە نێوان تەمەنی ۴ تا ١۵ ساڵ خەتەنە دەکرێن. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ئاماژە بەوە دەکا کە ١٠٠ بۆ ١۴٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا خەتەنە کراون، ساڵانەش سێ ملیۆن ژنی کەم تەمەن ڕوبەڕوی ئەم تاوانە دەبنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە خەتەنەی ژنان بە شێوەیەکی نافەرمی ئەنجام دەدرێ و دەشێ ئامارەکان زۆر زیاتر لەوەی بن کە ڕێکخراوە جیهانییەکان باسی لێ دەکەن.

لە دەیەی ١٩٧٠ بەو لاوە، ھەوڵ و کۆششەکان بۆ وازھێنان و نەهێشتنی خەتەنەی ژنان چڕتر کراونەتەوە و بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵ دراوە خەڵک ڕازی بکرێن و ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی دەست لەم نەریتە زیانبەخشە ھەڵبگرن. لە کۆبونەوەی ساڵی٢٠١٢ی ئەنجومەنی گشتی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەندامان بە کۆی دەنگ دەنگیان بە چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی خەتەنە دا و لە هەر لەو کۆبونەوەدا خەتەنەی ژنان وەک پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ھەژمار کرا. نەتەوە یەکگرتوەکان ٦ی شوباتی بە «ڕۆژی جیھانیی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەی ژنان» ڕاگەیاند.

لە باشوری کوردستان ناوچەی گەرمیان و هەورامان زیاترین ڕێژەی خەتەنەی ژنان لە خۆ دەگرێت. خۆشبەختانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربونەوەی دیاردەی قێزەونی خەتەنەکردنی ژنان و کچان زۆر مەردانە هاتە بەرەوە.

لە دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە (8) لە ڕێکەوتی 21/6/2011 بڕیاری قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی ژنان و کچان دەرچو. ڕێژەی خەتەنەی ژنان لە هەرێمی کوردستان لە چاو جاران زۆر کەمی کردوە بەڵام ناوچە باشورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو گەرمیان (چەمچەماڵ، کەلار، کفری، کەرکوک و ...) ئایین‌پەروەر و نەریت‌پارێزن هەر بۆیە دابەزینی ڕێژەی ئەم دیاردە لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نییە.

لە کۆی چوار پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەتەنە سێ پارێزگای گرتۆتەوە، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان کچان خەتەنە دەکرێن. ڕێژەی خەتەنەکردنی کچان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دابەزیوە بەڵام هەندێ ناوچە هێشتا تا ڕادەیەکی کەم کچان خەتەنە دەکەن، زیاترین ڕێژەی خەتەنەی کچان لە ناوچەی هەورامان و هەندێ لە گوندەکانی کامیاران، ڕەوانسەر و پاوەدا بونی هەیە.

ڕێژەی خەتەنەی کچان لە کوردستانی باکور و کوردستانی ڕۆژاوا لەبەر دەست نییە.

هەڵمەتەکانی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەی ژنان و کچان لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان:

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سوننەی ئیمام شافێعین و لەگەڵ ئایینزای فەرمیی ئێران کە شێعەیە ناکۆکە و دەوڵەتی ئێرانیش بە بیانوی ئەوەی کە لە کاروباری سوننەکاندا دەستێوەردان ناکا خۆ لە پرسی خەتەنەی ژنان نادا چونکە پێی وایە بەم دەستێوەردانە ئەو پەیوەندییە لەرزۆک و سستەی کە لەگەڵ سوننەکاندا هەیەتی، لە دەست بدات.

هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگری لە خەتەنەکردنی کچان و ژنان بۆ ئەو کەسەی کە نەشتەرگەریی خەتەنەکردنی ژنان و کچان ئەنجام دەدا و ئەو کەسەی هاندەری ئەنجامدانی ئەم کارەیە، سزای مادی و زیندانی دیاری کردوە. بەڵام ئەوەی کە هەرێمی کوردستان کە بە هۆی باڵادەستیی هۆز و عەشیرەتەکان و سەروەرنەبونی یاساوە دەناڵێنێ، تا چەندە دەتوانێ لەم هەڵمەتەدا سەرکەوتو بێ، ئەوە تێپەڕینی زەمەن ئاشکرای دەکات.    

چالاکڤانانی مافەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دێهات بە دێهات دەگەڕن و خەڵک لە زیانەکانی خەتەنەی ژنان ئاگادار دەکەنەوە و هەروەها کاریگەریی ئەرێنیی کەناڵەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی زۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەڵمەتەدا پشکی شێری بەر دەکەوێت. لە کۆتاییدا بە گشتی دیاردەی خەتەنە تا دێ ڕو لە دابەزین دەکا کە هۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی خەتەنەی ژنان بریتییە لە تێپەڕینی زەمەن، شێوازی ژیانی مۆدێڕن، مەرگی خەتەنەچییەکان و نەبونی بەدیلێک بۆیان، کاڵبونەوەی هۆگریی نەوەی گەنجتر بۆ قبوڵکردنی خەتەنەی ژنان، کۆچ کردن بەرەو شارەکان، ئاستی بەرزی خوێندەواری، کاریگەریی ڕاگەیاندنەکان و هەروەها پشتیوانیی هەندێ لە کەسایەتییە ئایینییەکان.

بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەربارەی خەتەنەکردنی مێینە یان شێواندنی کۆئەندامی زاوزێی ژنان، تکایە ئەم توێژینەوەی کامیل ئەحمەدی و هاوکارانی لە ژێر ناوی "بە ناوی نەریت (توێژینەوەی گشتگیر سەبارەت بە خەتەنەی ژنان)" و وتارە پەیوەستەکانی هەروەها مۆشنگڕافییەک کە لەم بارەوە ئامادە کراو له خوارەوە بخوێننەوەو سەیری بکەن.

بەستەری توێژینەوە:

https://kameelahmady.com/ku/fgm-in-iran/

بەستەری وتارەکان:

https://kameelahmady.com/ku/fgm/

مۆشنگڕافی: لێرە كلیك بكە

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×