تەقینەوەیەك لە رێوڕەسمێكی مەولود لە پاكستان كوژرانی زیاتر لە 50 كەسی لێكەوتەوە
  2023-09-29       311       

ئەمڕۆ هەینی، لە تەقینەوەیەكدا لە رێوڕەسمێكی یادی لە دایكبونی پێغەمبەردا لە ویلایەتی بەلوچستانی پاكستان، زیاتر لە 50 كەس گیانیان لەدەستداو  نزیكەی 50 كەسی دیكەش برینداربون.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی پاكستانییەوە بڵاویكردۆتەوە لە تەقینەوەكەدا كە لە رێوڕەسمێكی یادی لەدایكبونی پێغەمبەردا رویداوە، لانیكەم 52 كەس كوژراون.

بەپێی قسەی پۆلیس تەقینەوەكە لە شاری مەستونگ لە ویلایەتی بەلوچستانی باشوری رۆژئاوای پاكستان رویداوە.

پۆلیسی پاكستان ئاماژەی بەوەشداوە كە لە تەقینەوەكەدا نزیكەی 50 كەسی دیكەش برینداربون كە برینی هەندێكیان سەختە.

پۆلیسی پاكستان هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە رەنگە تەقینەوەكە هێرشێكی خۆكوژی بوبێت، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامن.

تاوەكو ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی تەقینەوەكەی لە ئەستۆ نەگرتوە.

ویلایەتی بەلوچستانی پاكستان هاوسنورە لەگەڵ ئێران و ئەفغانستان، گەورەترین ویلایەتی پاكستانەو چەندین جار كردەوەی توندوتیژیی ئایینی لەوێ رویانداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×