ڕێکخراوی هەنگاو: تەنها ئەمساڵ زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس لە ئێران دەستبەسەرکراون
  2023-09-29       359       

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە تویتەری فەرمی خۆی ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە تاکو ئیستا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، ڕادەگەیەنێت و دەڵیت” ناسنامەی هەزار و ٧٠٠ کەس پشتڕاست کراوەتەوە”.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ ئاماری دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتیانەی ڕاگەیاند کە ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون .

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی هەنگاو بڵاوی کردوەتەوە، لە کۆی هەزار و ٧٠٠ کەس کە دەستبەسەرکراون، ٩٠٢ کەسیان کوردن و ٣٠٢ کەسی دیکەشیان خەڵکی بەلووچن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و چالاکوانانی بەلووچ دەڵێن: هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئێران و کەمایەتییە ئایینەکانی ئەو وڵاتە بە تەواوی پلان بۆ داڕێژراوە.

چالاکوانانی کورد ئاماژە بەوە دەدەن، کوشتنی خەڵکی سڤیل و کۆڵبەر، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی چالاکوانانی کورد، پاکنەکردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان لە کوردستان و چاندنی مینی نوێ، تەرخاننەکردنی پارەی پێویست بۆ شارە کوردنشینەکان، ڕێگریکردن لە خوێندن بە زمانی دایک، وێرانکردن و تاڵانکردنی شوێنەوارە دێرینەکانی کورد، پەرەپێدانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن کەسانی سەر بە سوپای پاسداران لە ناو گەنجانی کورد، سووتاندنی دارستانەکان و لەسێدارەدانی چالاکانی کورد، تەنها بەشێکن لەو هەڵاواردنانەی ڕووبەڕووی کوردانی ئێران دەبێتەوە.

تائێستا ئامارێکی دیاریکراو سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی چالاکی سیاسی و ئایینییەوە لە ئێران لە سێدارە دەدرێن، بەردەست نییە، بەڵام بە گوێرەی قسەی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ژمارەی لەسێدارەدراوانی زیندانیانی ئایینی و سیاسی لە بەلوچستان و کوردستان زۆر زیاترە لە چاو پارچەکانی دیکەی وڵاتی ئێران.

چەند مانگێک پێش ئێستا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئیران، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران دوای خۆپیشاندانەکانی ژینا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە زیاتر لە نیوەی کۆی ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ژینا، خەڵکی بەلووچ و کوردەکان بوون.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، سەرکوتکارییەکان و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی ناوچەکانی باشووری پارێزگای ئازەربایجان غەربی، پارێزگای کوردستان و پارێزگای کرماشان زۆر تووندتر بووە و لانیکەم ١٢٥خۆپیشاندەری کورد کە ١٣یان منداڵ و هەشتیان ژن بوون، بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×