پاش زیاتر لە 15 رۆژ بایكۆت، لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی بڕیاریدا بۆ ماوەیەكی كاتی بایكۆت هەڵپەسێرن و لە ناوەندەكانی تەندروستی دەست بكەنەوە بە دەوام بەڵام بە دەوامێكی كەمتر لە جاران. لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی داواش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكات رێژەی وەرگرتنی خوێندكاران لە بەشە پزیشكییەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان كەم بكەنەوە.
ئاوێنە: لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پاش كۆبونەوەو راوێژمان لەگەڵ نوسینگەكان و نوێنەرایەتی و لیژنە پسپۆڕییەكانی لقی سلێمانی و پاش كۆبونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرو بەڕێوەبەری كارگێڕییەكان، بڕیارمان دا بۆ ماوەیەكی كاتی بایكۆت هەڵپەسێرین و لەگەڵ برا پزیشكەكان دەوام لە ناوەندەكانی تەندروستی دەست پێبكەینەوە بە كەمتر لە جاران بە رەچاوكردنی خراپی گوزەرانی كارمەندان و چین و توێژەكانی ناوەندی تەندروستی و خراپی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی بەشمەینەتی پارێزگای سلێمانی."
رۆژی 13ی ئەم مانگە، لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، بەهۆی نەدانی موچەوە، بایكۆتی سەرتاسەری لە سەرجەم ناوەندەكانی تەندروستی، جگە لە شوێنە گەرم و هەستیارەكان و فریاكەوتنەكان، راگەیاند كە تا ئەمڕۆش بەردەوام بو.
لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، جارێكی تر داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا كردوە كە هەستن بە كەمكردنەوەی رێژەی وەرگرتنی خوێندكاران لە بەشە پزیشكییەكانی زانكۆو پەیمانگا حكومی و تایبەتەكان، چونكە "زیاتر لە 14 هەزار دەرچوی بەتاڵ و دانەمەزراو لە پارێزگای سلێمانی هەیەو ناوەندەكانی تەندروستی و بازاڕی سلێمانی پێویستی بەو ژمارە زۆرە نییە كە لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین رێژەی دانەمەزراو و بەتاڵەیە."
جەختیشی كردۆتەوە كە لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی داواكەیاندا، دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەتایبەت زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان بە ئەندام وەرناگرن لە سەندیكاكەیان و بێبەشیان دەكەن لە وەرگرتنی مۆڵەت و ئیمتیازاتی سەندیكا كە بەهۆیەوە دەبنە خاوەن كاری سەربەخۆی خۆیان لە بواری پیشەكانیاندا.