قاسم ئەعرەجی لەگەڵ سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبووەوە
  2023-10-01       585       

میدیا ئێرانییەكان بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ لە تاران ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران كۆبووەوە و تێیدا ڕێگاكانی هاوكاری و جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ كرا.

بە گوێرەی ئاژانسی ئیسنای ئێرانی لەبارەی كۆبوونەوەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە تاران عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی كرد، هەردوولا تاوتوێی چەند پرسێكی ئەمنی و ئابوورییان كرد، هەروەها ئێران سوپاسی حكومەتی عێراقی كرد، بۆ هاوكاری و ڕێكخستنە باشەكانی لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێندا.

لە كۆبوونەوەكەدا عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان وتی، ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات گەرەنتی ئاسایشی سنوورەكانمان دەكات و هەروەها جەختیشی لە جێبەجێكردنی تەواوەتی ڕێككەوتنە ئەمنیەکەى نێوان هەردوولا کرایەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، ڕێگای زۆر هەیە بۆ باشتركردنی پەیوەندییە هەمەلایەنەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا، كە پێویستیان بە هەوڵی دوو لایەنە هەیە.

باس لەوەش کراوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا قاسم ئەعرەجی ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق و دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانی پێداگرە لە سەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات، وەك حكومەتی عێراق پێشوازی لە هەموو دەرفەتێك دەكەین بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەكانی نێوان تاران و بەغدا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و شاندێكی ئەمنی بە مەبەستی تەواوكردنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران گەیشتنە تاران.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×