بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش هەڕەشە لەو مامۆستا وانەبێژانە دەكات كە بایكۆت دەكەن
  2023-10-06       429       

بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش رایگەیاند، لە هیچ مامۆستایەك قبوڵ ناكەن كە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكات و دەشڵێت، هەر مامۆستایەكی وانەبێژی دانەمەزراو نەچێتەوە هۆڵەكانی خوێندن، بەدیل لەشوێنەكەی دادەنێین.

ئاوێنە: ماموستا مەهدی خەلیل، بەڕێوبەری پەروەردەی بەردەڕەش لە لێدوانێكدا بۆ "رادیۆی بەردەڕەش" سەبارەت بە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە وتی"دەستێك لە پشتی بایكۆتی مامۆستایانە."

هەروەها وتوشیەتی"هەندێك قوتابخانە لە سنوری پەروەردەی ئێمە بایكۆتیان راگەیاندبو، داوا لە هەمو مامۆستایان دەكەین بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن كە ئەوەش بۆ خزمەتی خۆمان و خزمەتی قوتابیانە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بایكۆت چارەسەر كێشەكان ناكات و كاریگەرییەكی تەواویشی لەسەر پڕۆسەی خوێندن دەبێت. ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بایكۆت نین، چونكە بایكۆت چارەسەری كێشەی ئێمە ناكات."

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە "ئەگەر مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو نەچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، ئێمە ناچارین بەدیل لەشوێنیان دابنێین، چونكە ئێمە قبوڵ ناكەین پڕۆسەی خوێندن پەكی بكەوێت لە هیچ قوتابخانەیەك، لە هەر قوتابخانەیەك مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو دەوام نەكەن، ئێمە ناچارین مامۆستای نوێ لەجێیان دابنێین."

بەقسەی بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش لەسنورەكەیان لە كۆی 1961 مامۆستای وانەبێژ، بەشێكی كەم لەوانە تێیدایە كە هانی مامۆستایانی وانەبێژ دەدەن بۆ بایكۆتكردن و وتوشیەتی"بەڕاستی ئەمە جێگەی قبوڵكردن نییە، ئەو كەسە كوڕم بێت یان برام بێت، ئەگەر بێتو هانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بدات بۆ ئەوەی نەچنە دەوام بۆ خۆم لێی قبوڵ ناكەم. ئێمە ئیجرائاتی یاسایی خۆمان لەگەڵ ئەو جۆرە مامۆستایانە ئەنجام دەدەین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×