پەرلەمانتارێك: كۆمەڵێك مافیا لە ڕێگەی گرووپێكی واتسئاپەوە نرخی دۆلاریان كۆنترۆڵ كردووە
  2023-11-02       1536       


ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، كۆمەڵێك مافیا و كەسانی دەستڕۆشتوو لە ڕێگەی گرووپێكی واتسئاپەوە نرخی دۆلاریان كۆنترۆڵ كردووە، دەشڵێت، داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەکەم دەستوەردان و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكەن.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەهۆی چەند كەسێكەوە، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

جەمال كۆچەر ڕایگەیاندووە، گرووپێك لە واتسئاپدا هەیە، كە لەلایەن كۆمەڵێك كەسی دەستڕۆیشتوو و مافیاوە بەڕێوەدەبرێت و نرخی دۆلار لە بازاڕدا كۆنترۆڵ دەكەن و یاری بە نرخەكان دەكەن.

ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەشکردووە، داوا لە هێزە ئەمنییەكانى عێراق دەکەم دەستوەردان و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكەن.

پێشتریش ئەحمەد تەمیمی، شارەزای ئابووری ڕەخنەی لە بانكەكانی عێراق گرت، كە هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە لەسەر هەندێك كاری بانكە تایبەتەكان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بەشێوەیەكی نایاسایی، کە پشكی هاوڵاتی گەشتیار دەبەن و هەندێک بانکیش ڕەتیدەكەنەوە حەواڵە ڕادەستی هاووڵاتیان بكەن.

جێگای سەرنجە، نرخی دۆلار دووبارە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٦٢ هەزار و ٦٠٠ دینارە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×