پەرلەمانی تورکیا دەنگدانی لەسەر ئەندامبونی سوید لە ناتۆ دواخست
  2023-11-17       254       

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا دەنگدانی لەسەر  ئەندامبونی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆ دواخست. سەرۆكی لیژنەكە دەڵێت، پرسەکە تا تەواوبونی هەمو رێکارەکان دوادەخرێت.

 ئاوێنە: لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا، دوێنێ پێنجشەممە، بە سەرۆکایەتیی فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەکە کۆبوەوە و دەنگدانی بە ئەندامبونی سویدی لە پەرلەمانی تورکیادا دواخست.

فوئاد ئۆکتای لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا "پەرلەمانی تورکیا سەرقاڵی پەسەندکردنی هەشت رێککەوتننامە و یاداشتنامەی زۆر گرنگ و پێویستە. لیژنەکەمان زۆر بەو هەشت دۆسیەوە سەرقاڵە و تاوەکو ئێستا سێ دۆسیەمان پەسەند کردون. ئەوانەی ماونەتەوە لە بواری دیپلۆماسی و هاوپەیمانێتی نوێ بۆ تورکیا جێگەی بایەخن. پێویستمان بە کارکردنی زیاتر هەیە".

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا ئەوەشی خستەڕو، "بە نوسراوێکی فەرمی داوا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکەین زانیاری وردمان پێ بدات لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ئەو بەڵێنانەی سوید بە تورکیای دان بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پابەندی مەرجەکانی تورکیا بوە کە لە رێککەوتنی مەدرید واژۆی کردن".

فوئاد ئۆکتای رایگەیاند، "دەیان پرسیارمان ئامادەکردون و ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەیان دەکەن. لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتەکە کۆدەبینەوە؛ ئەم بابەتە لەگەڵ تەواوی ئەندامانی لیژنەکەمان تاوتوێ دەکەین و هەڵسەنگاندن دەکەین و دواتر بڕیاری کۆتایی دەدەین"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پرسەکە تا تەواوبونی هەمو رێکارەکان دوادەخرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×