دەنگی ئەو شاعیرانەی، ئازارەکانی سەدەی ڕابردوویان تێپەڕاند
  2023-11-20       1016       

نوسینی: مەریوان شاڵی

 

دەنگی چوار شاعیر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا: فاتیح عیزەدین، حەمە عومەر عوسمان، کاروان سدیق، مەجید عەزیز

 

زۆریینەی ژیانی هونەرمەندان ئەوەیە کە فێربن باشتر ڕابێن لەگەڵ ئازارەکانیاندا بژین.

کۆتایی ساڵانی هەشتاکان لە سلێمانی دیمەنی گشتی شارەکە وەک ئاوی مەنگ وابوو هاوڵاتیان سست و هەنگاوی گەنجەکانیش بێ هیچ نیشانەیەکی دیاریکراو دەڕۆشت، میلانکۆلی و بێ هودەیی وەک تەمێکی ڵێڵ و رەساسی باڵی خۆی بەسەر شارەکەدا داپۆشیبوو. لەناکاو سەرەتای سالانی نەوەدەکان ئەم دیمە گۆڕا بە گڕکانێک و وزەیەکی بێ هاوتا، بەهۆی نەمانی سوپای دوژمن و دروستبوونی ئارەزوویەکی بێسنوور له وەهمی سەربەستی، سەربەخۆیبوون و گەیشتن بە بەختیاری. بەڵام لە ڕاستیدا پچران لە ڕەگەوە و گۆڕینی ئاراستەی ئەو ماتەوزە بوو.

بۆیە چارەڕەشی و تێکچوونی هەموو بنەما ئاکاریەکان بە شێوەیەکی گەورەتر دەبینرا. زۆرێک لە تاک و کۆمەڵ فێری فەرهود و تێر نەخواردن بوون لە هەموو شتێک، ڕۆشنایی ئەستێرەی ڕێساکان، بڕوا و پەیوەندییە مرۆییەکان هەموو بێ درەوشانەوە مانەوە و کەوتنە دەرەوەی ئەزموونەکان... ئەم دیاردانە بوونە سەرەتایی تراژیدیایەکی بەردەوام وبێ کۆتا. بە ئاستەم دەنگێکی جیاواز و رەسەن دەبیسترا.

لەناو ئەم شانۆیەدا هەموو دیاردەکان هاوشێوە بوون. بە ئاستەم دەکرا هاوڵاتی، پارتەکان، سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و هوونەرمەندان لەیەک جیا بکرێنەوە.

لەو دۆخەدا کەمایەتییەک هەبوون وەک: یاخییەکان و وجودییەکان کۆششی ئەوەیان بوو خۆیان دوور ڕاگرن و ئیغرا نەبن و نەنووسێن بە هیچ سوود و بەرژەوەندییەکی تایبەتەوە و سوربوون لەسەر نرخ پێدان و سەرلەنوێ بەواتاکردنی ژیان لە ڕێگای خاڵی بوونەوەیان لەهەمو هزرو بیرۆکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەریت و دۆزینەوەی زمانێکی تازە بۆ تەلاموس و بەریەک کەوتنی ڕۆژانە و دەرکەوتن و خۆنیشاندانیان بە خۆڕسکی و پاکیزەیی.

دوور لەم کەمایەتیەشەوە بەهەمان شێوە دەنگی شیعری ئەو چوار شاعیرەی کە لە سەرەتادا ناوم هێنابوون بووە سەرەتایی یاخیبوون لە داهێنانی شیعریدا بەرامبەر باری مەرجی بوونمان و سەرزەنشت بێت بۆ لە دایک بوون و چەرمەسەری کۆتایمان، میتافیزیکی ئازاریان کردە بنەمایەک وەکو پێویستیەکی مرۆڤی کە لەوێوە تێپەڕێتە سەرەوەی ئەزموونەکانیەوە. چونە سەروی ئەزموونەکان بەواتای هەوڵدان بۆ تێگەیشتنێکی جیاواز لە باری مرۆڤ. پەردەیان هەڵماڵی لەسەر ناقۆلاکانی ئێستا هەر لە؛ شکاو، دۆڕاو، کەوتوو، دۆخێکی خەیاڵی، نائاسودە، توند، مەترسی، هەڕەشەی مردن، بێ مانایی لە پابەندبوونی مرۆڤایەتییدا.

ئەم دەنگانە ئەلتەرناتیڤێک نەبوون بۆ شکاندنی گەمارۆی بێ هودەیی و ڕزگارکردنی مرۆڤ لە تەنگەبەرە نهێلستێکەیدا، بەڵکو زیاتر وەک تیشکی ڕوناکییەک وابوون بۆ تیشک خستنە سەر کردنەوەی ڕێگایی کەڵەکە نەبوونی زیاتری ژانەکان.

کەسم نەدیوە وەک فاتیح بە خوێنی شیعر بنووسێ، ورد بێ لەگەڵیدا، هەڵوەشێ، ون بێ، هەرەس بهێنێ، گڕ بگرێ لەگەڵ وشەکاندا. ئەگەر چێژی هەموومان کۆ نەبێ لەگەڵ قەسیدەکانیدا بەڵام برواناکەم کەس ئەو هەستە نامۆییەی تیا دروست نەبێت کاتێک لە نزیکەوە دەیبینی وەک ئەوەی لەدەرەوەی جیهاندا بژی هەر وەک میستکێک. ئەگەر بەراوردی شیعیر بکەم بە جوڵە، تەنها فاتیح دێتە مێشکمەوە. جوڵە و ڕۆشتنی فاتیح هەر وەک پێزانین و ناوبانگی شیعرەکانی وایە لەدوای هەموویانەوە، هەرگیز پێشبینی ناکەیت بگاتە هیچ شوێنێک، لەوە ئەچێ سزایەکی خوای بێت بۆ ئەوەی ئازار و ژانەکان بێنە لای ئەم، بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا بڕوا و بنوێ و بخوا و پیاسەیان لەگەڵدا بکا و گۆرانیان بۆ بڵێ.

حەمە عومەر عوسمان زیاتر ئاشنایە بەهەمووتان و ناو و شیعرەکانی نامۆ نین لای کەس. کارە هەرە سەختەکەی ئەم ئەوەبوو کە میتافیزیکی ئازاری بردە ڕۆح و ژیان و شیعرەکانیەوە، هەر بۆیە کۆتایی ژیانی بەو دراما و تراژیدییە کۆتایی کات. شیعیر شێوەی سیمایی حەمە عومەری هەیە بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە بە بێ دەنگی دائەنیشت و داڵغەی دەڕۆشت و ئەچوە دنیایەکەی سەروی ئێمەوە، جگەرەکەی لەنێو پەنجەکانیدا توند گرتبو وە بەهەموو هێزی مژی لە جگەرەکەی دەدات بۆ بردنی بۆ ناو جەرگەی ناوەوەی. بەڵام کاتێک بێ دەنگی دەشکان و ئەکەوتە گلەیی و بۆڵە بۆڵ و ڕەخنە و دەنگ بەرزکردنەوە و باسکردنی ڕووداوە دنیاییەکان شێوەی شیعری دەشکاند و دەبوویە هەر تاکێکی تری ئاسایی

مەجید عەزیز هەر وەک ئەو شاعیرە دەگمەنانە وابوو کە جار جار لە شیعیر دووردەکەونەوە و ئەزمونی ناشاعیرێتی دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەی فەوزاکەی ناخیان لە گومان و عەجولی و گاڵتە و حوزن و سەرەڕۆیی و دۆزینەوەی خۆی. بەڵام کە ڕەنگی زەرد و پەشۆکاو دەبوو هەر وەک پاڵەوانە کۆنەکان کە لە نیوەی ڕێگاکەیانا لە شەڕکەر و جەنگاوەرەوە ئەبونە کاهن. لەو کاتەدا ئەیزانی ئەوە شیعرە و داوای گەڕانەوەی لێ دەکات و نایەڵێ دەرباز بێ. ئەگەر شیعر ڕەنگی هەبوایە ئەوا ڕەنگی سیمایی مەجی دەبوو.

کاروان سدیق هەر وەک چامانێکی هیندییە سورەکان ئەهاتە بەرچاومان لە کوخێکا دانیشتبێ و لەچواردەریدا گیای پیرۆز و ئێسقانی ئاژەڵ و تۆزی دەگمەن و ستوی پاشماوەی ئاگر بێت. یان وەک قەرەجێکی بچکۆلەی رەش تاڵی خۆشەویست و وریا و سەرکز کە ئیشی دەست خوێنەوە و بانگەشە و مزگێنی بێت. وەستانی بەرامبەرمان بەو جەسەد بچکۆلە و باریکەوە و سەیرکردنە تیژەکەی بۆ هەر یەکێکمان و پرتە پرتی چاوەکانی و سەر برزکردنەوەی بە زەردەخەنەیەکی پڕ وەقارەوە وەک ئەوەی قەڵایەکیان پێ بەخشیبێ یان بیتاقەی سەری ساڵی بۆ دەرچووبێ، یەکسەر هەموومانی سەرسام دەکرد و هەستمان ئەکرد و ئەمانزانی شیعرێکی نوێی بۆهاتوە و دیسانەوە ئەی قەومێنێ. دوای خۆێنەوەی شیعرەکە و ماڵئاویمان لێی، وەک ئەوەی لە خەوێکی سەیر و سحراوی و پڕ نەهێنی خەبەرمان بوبێتەوە. باس و گفتوگۆمان ئەبوە شیعرە تازەکەی هاوڕێمان. ئەگەر شیعر ببویاتە دەنگ، ئەوا دەنگی کز و پچر پچری کاروان دەبوو بەهۆی ڕەبۆکەیەوە. زۆر جیاوز لەو دەنگە گڕو گەورانەی کە لە ژێ دەنگە گڕو گەورانەی کە لە ژێرەوە موزیکی حزینی دەخەنە سەر و جوانی شیعرەکە ئەشوێنن.

باسی دلاوەر قەرەداخیم Dilawar Karadaghi نەکردوە لەگەڵ ئەوەشی خۆی و شیعرەکانی لە بۆنی بوخوردی ناو پیرۆزگایەکی ناوچەی شاخاوییەکی دوور دەچێ کە ئەوبەنە تەنیشت ئەستێرەکانەوە و ئەچیتە دۆخێکی فەنتازی و ئارام و خەیاڵییەوە. بەڵام بێ ئەوەی شیعرەکانی بە موو لە خاک و سروشت و مرۆڤەکانی ناوی دابریبێ. یەکەم لەبەر درێژنەکردنەوەی نووسیکە و ماندوو نەکردنی زیاترتان. دوەمیش لە بەر ئەوەی ئەم لە خەتێکی تایبەت بەخۆیەتی و دۆخێکی تر و نەشئەیەکی تری دەوێ بۆ ڕۆچوونم تیایدا کە لێره کاتی نییە.

ئەم دەنگانە سەرەڕۆیی ڕۆشتنی ڕێگایەک بوون بە بێ دەمامک، و شیعرەکانیان وەڵامی ئاگرەکەی ناخیان بوو.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×