تیمساحه‌كه‌ی هیتله‌ر مرد
  2020-05-25       1775       
ئا: لوقمان غه‌فوور

ئه‌و تیمساحه‌ی كه‌ زۆرێك له‌و بڕوایه‌دان كه‌ بۆ هیتله‌ر ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌، رۆژی 22ی ئایار له‌ باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی مۆسكۆ مرد.

به‌ڕێوه‌به‌ری باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی مۆسكۆ به‌ رۆژنامه‌ی ده‌یلی ئیندپێندنت-ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و تیمساحه‌ی به‌ (ساترن) ناسراوه‌ و له‌ ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا ژیانی كۆتایی هات.

ئه‌و تیمساحه‌ ساڵی 1936 له‌ ئه‌مریكا له‌دایكبووه‌، دواتر دیار نییه‌ ساڵی چه‌ند و بۆچی له‌ ئه‌مریكاوه‌ براوه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا، به‌ڵام له‌ ساڵی 1940ه‌وه‌ له‌ باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی به‌رلین بووه‌.

به‌پێی ده‌یلی ئیندپێندنت، ساڵی 1943 له‌كاتی بۆردومانی باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی به‌رلین له‌لایه‌ن فرۆكه‌كانی ئه‌مریكاوه‌، زۆربه‌ی هاوڕێ تیمساح و ئاژه‌ڵه‌كانی هاوڕێی به‌ر بۆردومانه‌كه‌ كه‌وتوون و ئه‌میش هه‌ڵاتووه‌ و شوێنه‌كه‌ی نه‌زانراوه‌. تا ساڵی 1946 له‌لایه‌ن سه‌ربازێكی به‌ریتانییه‌وه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و دراوه‌ به‌ باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی مۆسكۆ.

به‌ڵام به‌پێی هه‌ندێك زانیاری دیكه‌ كه‌ رۆژنامه‌كه‌ چنكی كه‌وتووه‌، له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ هه‌ڵه‌ن كه‌ له‌ باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی به‌رلین بوو بێت، به‌ڵكو راسته‌وخۆ له‌دوای گه‌یشتنی به‌ ئه‌ڵمانیا، به‌هۆی ده‌گمه‌نییه‌كه‌یه‌وه‌ هیتله‌ر ئه‌یبات بۆ لای خۆی و له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌كانی تر له‌ماڵه‌كه‌یدا له‌به‌رلین به‌خێویان ئه‌كات. دواتر له‌كاتی گه‌یشتنی سوپای یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له‌ 2ی ئایاری 1945 له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، كه‌وتۆته‌ ده‌ست سوپای یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و گواستوویانه‌ته‌وه‌ بۆ باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی مۆسكۆ و له‌وێ ماوته‌وه‌.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×