2020-08-09   493     
بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای سلێمانی دواین بڕیاری خۆی لەسەر دۆسیەی سێوان قادر و منداڵەکانی ئاشکرابکات،بەڵام بڕیارەکە دواخرا.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، بە دادگا ڕاگەیەندراوە تۆمەتبارەی دۆسیەکە کە مێردەکەیەتی نەخۆشە بۆیە دادگا بڕیاریداوە ئەمڕۆ دانیشتنەکە دوابخات و رۆژی سێ شەممە بڕیاری کۆتایی بدات.
ئەوە لەکاتێکدایە لەماوەی ڕابردوودا دەیان دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسیەی سێوان قادر و منداڵەکانی ئەنجامدراو کەسوکاری سێوان و مێردەکەشی بەڵگە و شایتەکانی خۆیان پێشکەش بە دادگا کردوە.
تاکە تۆمەتباری دۆسیەکە مێردەکەی سێوان قادرە کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و تۆمەتبارە بە سوتاندنی هاوسەر و منداڵەکانی،بەڵام پارێزەر و کەسوکارەکەی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەنەوە
لە کۆتا رۆژەکانی مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠١٨ لە گەڕەکی ئاسودەی قەزای چەمچەماڵ لە کاتژمێر نۆی شەو ڕوداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکدا رویدا و بووە هۆی سوتانی سێ منداڵ و دایکیان بەناوی سێوان قادر.
روداوەکە کاردانەوەی زۆری ناوخۆی لێکەوتەوە و دەیان گردبونەوە و رێپێوان بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانباری دۆسیەکە ئەنجامدرا.