تەندروستی هەرێم: هێشتا ژمارەی مردن زۆرە
  2020-11-22       479       
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونكردنەوە لەبارەی ئامارەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دەدات و دەڵێت،"هێشتا ژمارەی مردن زۆرە".

ئاوێنە: د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" لەگەڵ ئەوەی ژمارەی تووشبوون کەمی کردووە، شوێنەکانی چاودێریی چڕمان سنووردارە، ئەو کەمبوونەوەیەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەپێی خواستی ئێمە نییە، بەداخەوە ژمارەی مردن هێشتا زۆرە."

ئاماژەی بەوەشداوە،"هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەگشتی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، وەک داخستنی چەند شوێنێك کە کردنەوەیان پێویست نەبووە، داخستنی قوتابخانەکان و پابەندیی هاوڵاتیان رۆڵی بەرچاوی هەبووە".

دەشڵێت، "دەبێت ئەو کەمبوونەوەی ژمارەیە نەبێتە متمانەیەکی زیاد، دەکرێت هەر شتێک رووبدات ئەگەر پابەندیی نەمێنێت."

وتیشى: "له‌ سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوودا لێژنه‌ى باڵاى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و ڕه‌وشى كۆرۆنا باس ده‌كه‌ن".

جێگەی باسە، لە دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمدا، دوای سێ مانگ و 20 رۆژ کەمترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا كە 361 توشبوو بوو.

به‌پێی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ،تا ئێستا 92 هەزار و 938 کەس له‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 57 هەزار و 517 کەس چاکبوونەتەوە و دوو هه‌زار و 977 کەسیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×