سۆسیۆ سیاسیی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان

ئارام قادر حەمەسور
  2021-04-20     589
بێگومان تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بریتین لەو تاوانانەی کە بەرامبەر تاک و کۆمەڵگە دەکرێن یان تاک بەرامبەر خۆی دەیکات، دەبێتە هۆی درووستبوونی کوشتن یان خۆکوشتن و برینداربوون و درووستبوونی توندوتیژی. تاوانە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرن و زۆر جار کۆمەڵگە تووشی شۆک دەکەن، دەبنە مەترسیی و فۆبیا بۆ سەر تاکەکان و سایکۆلۆجییای تاک ناسەقامگیر دەکەن. کۆمەڵگە دواکەوتوو و ناسەقامگیر و ئاڵۆزەکان تاوانە کۆمەڵایەتییەکانیان تێدا زۆرە، بەردەوام ئاسایشیی کۆمەڵایەتییان لە مەترسیدایە، چونکە تاوانە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامی چەندین هۆکاری کەڵەکەبوون یان بە بەرنامە ئەم جۆرە تاوانانە بۆ ناو کۆمەڵگە زیاد دەکرێن، بۆ ئاڵۆزیی تاکەکان و جێبەجێکردنی مەرامە سیاسیی و ئابوورییەکان.

زانستیی کۆمەڵناسی بەردەوام زیادبوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی بەستووه‌تەوە بە هۆکارەکان، تا هۆکارەکان دیاری نەکرێن، ئەم نەخۆشییە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارانە چارەسەر ناکرێن. ئێستا لە هەرێمی کوردستان تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زۆربوون و بەرەو بە دیاردەبوون (سۆشیال فینۆمینا) دەچن و سەرنجیی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان ڕاکێشاوە. لێرە گرنگترین هۆکارەکانی زۆربوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکەین لە هەرێمی کوردستان.

1-هۆکاری سیاسیی/ بێگومان لە کوێ تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بوون لەوێش دەسەڵاتیی سیاسیی كه‌مته‌رخه‌م بوونی هەیە. هه‌ندێک جار حیزب و حکومەت دەتوانن تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زیاد بکەن لە پێناوی مەرام و کارنامە سیاسییەکانیان! بێگومان حیزبەکانی دەسەڵات لە ڕێگەی درووستکردنی قەیرانە سیاسییەکانەوە مەجالی زیادبوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانیان داوە، سیاسەتیی برسیکردن و بڕینی مووچە کە بەرگێکی سیاسیی هەیە هۆکاری زیادبوونی تاوانەکانن، سیاسەتیی پراگماتیزمی حیزبیی هۆکارێکی گرنگی زیادبوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانن.

2-هۆکاری ئابووری/ ئابووری باش کۆمەڵگای تەندرووست درووست دەکات، خراپیی باری ئابووری تاکەکان تووشی بێئومێدی دەکات و پەنا دەبەنە بەر تاوانەکان، چونکە جووڵەی ڕۆژانەی ژیان بە پارەیە کەواتە لە نەبوونی پارەدا ترس درووست دەبێت و دەرئەنجام تاوانێکی کۆمەڵایەتییە. ئێستا ئێمە لە قەیرانسازیی داراییدان و تاکەکان لە نێوان پێداویستیی ڕۆژانە و نەبوونی داهاتی تەواو تووشی باری خراپی سایکۆلۆجی بوون، ئەمەش تاکەکان بەرەو خەمۆکی و خۆکوشتن و تاوانی دزیکردن و مامەڵەی ماددە هۆشبەرەکان دەبات. لێرەدا حیزبە دەسەڵاتدارەکان بە بیانووی نەبوونی داهات ئەم قەیرانسازییە داراییەیان درووست کردووە، لە کاتێکدا هۆکارەکە سیاسییە. لێرەشدا کۆمەڵگە بووه‌تە قوربانیی سیاسەتیی سەقەتیی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار. بۆ نموونه‌ زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق یه‌ک له‌ هۆكاره‌كانی لاوازیی داهاته‌.

3-هۆکاری کۆمەڵایەتیی/ کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام لەناو خێزانی کوردیدا بوونی هەبووە و سەرچاوە و هۆکارێکی تری تاوانە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەمەش پەیوەندیی بە نەریت و کولتووریی پەروەردەی خێزانی کوردییەوە هەیە. شەپۆلی بەجیهانیبوون (گلۆبالیزەیشن) لە لایەک و کولتووری چەقبەستوویی خێزانی کوردیی لە لایەکی ترەوە لە ململانێدان، زۆرجار بووه‌تە هۆی کوشتن و تەڵاقدان و خۆکوشتن لەناو خێزانەکان بە تایبەتی ژنان و منداڵان قوربانیی گەورەن. کێشە خێزانییە بچووکەکان زۆر جار بە کوشتن و خۆکوشتن و برینداری کۆتاییان هاتووە. بەڵاکانی مۆبایل وەک نموونە.

4-هۆکاری ڕاگەیاندن/ ڕاگەیاندنی کوردیی بە گشت جۆرەکانی لە قەیراندایە، بۆ ئاڕاستەکردنی پەیامەکانیان هیچ پێوەر و فلتەرێکی سۆسیۆڵۆجیی و سایکۆلوجییان نییە. زورجار ڕاگەیاندن تاوانەکانی ئاسان کردووە و ترسی زیاد کردووە. فیلم و زنجیره‌ بێمەعریفییەکان بۆمان دەردەخەن ڕاگەیاندنی کوردیی چەند لاواز و خراپە، هه‌ندێک له‌وانه‌ کێشە خێزانییەکانیان زیاد کردووە بە تایبەتی لەناو هەرزەکاران، توندوتیژییان فێری منداڵانی کورد کردووە و ڕۆژانە لەسەر شەقام توندوتیژی و جنێوی ناو ئەفلامەکان پڕاکتیک دەکەن. ڕاگەیاندنی کوردیی ئەوەندەی لەخەمی زیادبوونی بینەر و بیسەر و خوێنەرە ئەوەندە لە خەمی ئارامکردنەوەی سایکۆلۆجیای تاکی کورد نییە، زۆرکات ڕاگەیاندن تاکی شڵەژاندووە و بەرەو ئاڵۆزیی و تاوانەکان ئاڕاستەی کردووە. دیمەنی چۆنیەتیی خۆکوشتن بە حەبل و دەرمان بە نموونە لەدراماکان.

5-یاسا سەروەرنەبوون/ نەبوونی سەروەریی یاسا تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی زیاد کردووە. کەسانی حزبیی دەسەڵاتدار و خزم و ئەندامانیان دەتوانن تاوانی گەورە بکەن بەبێ ئەوەی سزا بدرێن، بەبێ ئەوەی ئاشکرا بکرێن. ئەمە کردنی تاوانی ئاسان کردووە چونکە ئەو تاکە بە هۆی پاڵپشتیی حیزبی و نەبوونی یاسا ناترسێت و بەردەوام تاوانەکان دووبارە دەکاتەوە، دزینی داهاتی نیشتیمانیی و لێدان لە دەنگە ئازاکان و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بە نموونە.

جگە لەم هۆکارانە چەندین هۆکاری تر هەیە. دەرچوونی لێبووردنی گشتی لە لایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە بۆ تاوانباران مەترسیدارە، زۆرجار لەم ڕێگەوە تاوانباری مەترسیدار ئازاد دەکرێت. یان سوڵحی کۆمەڵایەتی کە زۆر جار لە گەورەی تاوانەکان کەم دەکاتەوە و وا دەکات تاوانبار بەبێ ترس بە هۆی بوونی پاڵپشتیی عەشایەری تاوانەکە دووبارە بکاتەوە. نەبوونی هۆشیاریی یاساییش هەندێ جار وا دەکات تاک تاوان بکات، چونکە شارەزای جۆری تاوان و سزای تاوانەکان نییە.

هەموو هۆکارەکان دەکرێت لەڕووی سۆسیۆ سیاسییەوە ببەستینەوە بە دەسەڵاتی سیاسیی، چونکە لەدوای ڕاپەڕینەوە  نەیتوانیوە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاکەکان درووست بکات، گەر یاسا سەروەر بوایە تاوانەکان ئەوەندە زۆر نەدەبوون، بەڵام دەسەڵات بە سیاسەتی مەشغووڵ بکە و زاڵ ببە کاری کردووە، ئاشی دەسەڵات لەناو ئاڵۆزبوونی تاک و کۆمەڵگەدا گەڕاوە، هەمیشە تاکی بەرەو خەمە شەخسییەکان ئاڕاستە کردووە تا هۆشیاریی سیاسیی لاواز بێت و بیر لە کاری گشتی و دەسەڵات و سیاسەت نەکاتەوە. هەمیشە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان کۆمەڵگەیان پڕکردووە لەتاوان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×