مەسعود بارزانی: ئەو هۆکارانەی داعشیان دروست کرد وەک خۆیان ماون
  2019-09-11       531       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، ئەگەرچی داعش لەڕوی شەڕی بەرەییەوە شکاوە، بەڵام لەناو نەچون و خەریکی خۆڕێکخستنەوەن. جەختیشی كردەوە كە ئەو هۆکارانەی داعشیان دروست کرد وەک خۆیان ماون.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی٩ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە برایان مەکفیتێرز، جێگری سەرۆکی نێردەی تازەی ئەمەریکا لە عێراق كرد.

لە دیدارەکەدا كە ستیڤ ڤەیگن، كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بو، بە درێژی باسی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا و مەسعود بارزانی جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە پشتیوانیی دیالۆگ دەکەن بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور.

هەر لە دیدارەكەدا دۆخی سیاسیی ناوچەکە و هەڕەشەکانی داعش خرایە بەر باس. مەسعود بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەرچی داعش لەڕوی شەڕی بەرەییەوە شکاوە، بەڵام لەناو نەچون و خەریکی خۆڕێکخستنەوەن.

هەروەها بارزانی تەئکیدی کردەوە کە داعش هەڕەشەیە بۆ سەر هەمولایەک، بۆ هەندێ لا هەڕەشەی نزیک و بۆ هەندێکی تر هەڕەشەکە دورمەودایە، ئەو هۆکارانەش کە داعشیان دروست کرد وەک خۆیان ماون و چارەسەر نەکراون.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە و بارودۆخی كەركوك و ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ تاتوێ كرا.

بارودۆخی سوریا تەوەرێکی تری ئەو دانیشتنە بو و مەسعود بارزانی "نیگەرانی و تێبینییەكانی خۆی لەسەر بارودۆخ و داهاتوی گەلی كورد لە سوریا بە شاندی میوان ڕاگەیاند."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×