وتەبێژی پۆلیسی هەولێر: لەسەدا ٩٠ی رووداوەکانی کوشتن لەسەر کێشەی نامووسە
  2019-10-17       2467       
ماوەیەکە رووداوەکانی کوشتن زوو زووە دێتە بەردەممان یاخود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوێبیستی دەبین کە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتی تێدایە.

ئاوێنه‌: لەو بارەیەوە رائید هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر تیشكی خستە سەر رووداوەکانی کوشتن و وتی، ''لە کوردستان زۆرینەی کوشتنەکان پلانداڕێژراو نییە و واتە مەبەستیان تێدا نییە. بەڵکو مەبەست و هۆکارەکان کۆمەڵایەتین. لە هەر وڵاتێک گەر کێشەیەک هەبێت ئەوا پێویستە باس بکرێت، بە پێچەوانەوە بابەتەکە دەچێتە قالبی خۆدزینەوە. کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش زۆرینەیان کێشەی ناموسە. ناموس لە وڵاتی ئێمە زۆر قووڵ کراوەتەوە. تەنانەت وای لێهاتووە لەسەدا ٩٠ی زیاتر کوشتنەکان پاککردنەوەی ناموسە، واتە بە هۆکاری ناموس کوژراون''.

هۆگر عەزیز وتیشی، ''لەسەدا ١٠ی دیکە بۆ بەرکەوتەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، کێشەی قەرز یاخود بەریەککەوتنی ئۆتۆمبێل و هیتر. لەسەدا ٩٠ـەکەی دیکە لەسەر کێشەی ناموس و دەستدرێژییەکانی سەر ناموسە. لە داب و نەریتەکانماندا هەمیشە دەیانەوێت تۆڵەسەندنەوەکە بەدەستی خۆیان بێت. زۆرجار بە خەڵک دەڵێین کەوا یاسا بکەن بە سەرچاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. زۆر جاری وا هەیە یاساکان کاریگەرییان هەیە لە وڵاتان بەڵام لە وڵاتی ئێمە یاسای کوشتن بۆ نموونە ماددەی ٤٠٥ و ٤٠٦ بەرکەوتەی توندی هەیە لە یاسای سزادانی عێراقی واتە بەندکردن و تەنانەت گەر سیستەمی لەسێدارەدان بێت ئەوا پەیڕەو دەکرێت''.

ئەو دەشڵێت ''پێشووتر ئەوانیش دەهاتن بۆ بازاڕو بە چەک دەسوڕانەوە بەڵام ئێستا ئەو بنبڕ کراوە و لە کاتی ئەرک بێت یاخود نا. لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵگرتنی چەک بە مۆڵەت یاخود بەبێ مۆڵەت قەدەغە کراوە. بۆیە توانیمان دەست بەسەر رێژەیەکی زۆر چەک بگرین و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا هەزار ١٩٦ کەسمان دەستگیرکرد کە چەکیان لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵگرتووە، چەکەکانیش دەستیان بەسەرداگیرا و بەپێی ماددەی ٢١ی چەکیش سزامان بەسەریاندا سەپاند بۆ نموونە کەسێک بۆ ماوەی ٩ مانگ بەندکرا''.

رائید هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ''لەئێستادا هەوڵ و کار دەکەین لەسەر نەهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی دەورووبەرەوە بۆ ناو شاری هەولێر. هەولێر دەبێت بە پاکی بپارێزرێت چونکە پارسەنگی هێزی سیاسی و ئارامی کوردستانە و نموونەیەکە بۆ سەرجەم عێراق. لە هەولێر تەنها لایەنێکی سیاسی تەرکیز ناکاتە سەر ئارامی شار، بەڵکو ئەوانی دیکەش هەمان شت دەکەن بۆ پاراستنی ئارامی شار، گەر ئەمە نەمێنێت ئەوکات هەموو ئارامییەکە لە سەرجەم لایەنەکان دەڕوات''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×