جەمیل بایک: تورکیا بە پیلانى ئەمریکاو روسیاو ئێران هێرشى کردوەتە سەر رۆژئاواى کوردستان
  2019-10-20       2438       
هاوسەرۆکى کۆمپاجڤاکێن کوردستان-کەجەکە رایگەیاند، تورکیا بە پیلانى ئەمریکاو روسیاو ئێران هێرشى کردوەتە سەر رۆژئاواى کوردستان و دەلێت، ''ئەمریکا هانى تورکیایداو سنوریشى بۆ چۆڵکرد''.

ئاوێنه‌: جەمیل بایک هاوسەرۆکى کەجەکە لە پەیامێکدا بۆ رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند "هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە و گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شەڕێکی مێژوویی و بەرخۆدانێکی بەشەرەفدان. سڵاویان بۆ دەنێرم و پیرۆزباییان لێدەکەم. هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. پێویستە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە بزانن هەموو گەلی کورد، ویژدانی مرۆڤایەتی لەگەڵ بەرخۆدانی ئەواندان. لە هەر شوێنێک شەرەفی بەرخۆدان هەبێت، لە هەر شوێنێک ویژدانی مرۆڤایەتی هەبێت، مرۆڤایەتی لەگەڵ ئەوانە. ئەوانەی تێکۆشان و فیدایەتی بکەن، هەموو کاتێک سەردەکەون. باجەکەی چی بێت و چ ئازارێک بچێشن، لە کۆتاییدا ئەنجام بەدەست دەهێنن".


بایک ئاماژەى بەوەشکردوە، لەبەرئەوە گەلى کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە هەر چەند باجی قوڕس بدەن و ئازار بچێژن، بەڵام سەردەکەون ولەبەر ئەوەی گەل و مرۆڤایەتی لە گەڵ ئەواندان، شەڕێکی ڕەوا بەڕێوەدەبەن، شەڕی شەرەف دەکەن. جەختیشدەکاتەوە ئەوان شەڕی ئازادی و دیموکراسی دەکەنو هیچ کەسێک ناتوانێت بەرامبەریان بووەستێتەوە.

هەروەها بایک وتیشى"پێویستە گەلی کورد و مرۆڤایەتی لە ئامانجی هێرشەکەی داگیرکەری فاشیست تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا باش تێبگەن. ئامانجیان ئەوەیە هەم لە باکوور و هەم لە ڕۆژئاوا گەلی کورد لە سنوور دووربخەنەوە. بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان بەشەکانی کوردستان بچڕێنن. بۆ ئەوەی بتوانن گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکەن و قڕیان بکەن".

هاوسەرۆکى کەجەکە جەختیکردەوە، لە کوشتن و برینداربوونى هەر کەسێک لە رۆژئاواى کوردستان ئەمریکاو تورکیاو روسیاو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرپرسیارە و ناتوانن لەو بەرپرسیارییەتە رابکەن.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×