ئەسەسەرد: گەر تورکیا ئامانجەکانى لەباکورى سوریا پێکا، ئەوا بیر لە فراوانکردنى سیناریۆکە دەکاتەوە
  2019-10-21       1594       

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتى، هۆکارى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر باکورى سوریا (رۆژئاواى کوردستان) بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە سوریا لە قۆناغێکى هەستیاردایەو تورکیا دەیەوێت رۆڵى لەداهاتوى ئەو وڵاتەدا هەبێت.

ئاوێنە: لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، كە ئەمڕۆ دوشەممە بڵاوكراوەتەوە، فەرید ئەسەسەرد رایگەیاند"قۆناغى ئێستاى سوریا، هەستیارترین قۆناغە، هەم بۆ کوردو هەم بۆ سوریا، چونکە لەم قۆناغەدا، چارەنوسى سوریاى ئایندە دیارى دەکرێت."

وتیشی"گەر کورد بە زەرەرمەندی لە هاوکێشەى ئێستاى سوریا دەربچێت، ئەوا ناتوانێت ئەو مافانە بەدەستبهێنێت، کە لە ساڵى 2011ەوە خەباتىان بۆ دەکات."

فەرید ئەسەسەرد، ئاماژەى بە کاتى هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر باکورى سوریا کردو پێیوایە تورکیا لە خۆڕا ئەم تەوقیتەى بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتى فورات هەڵنەبژاردوەو وتی"تورکیا دەزانێت کێشەى سوریا بەرەو کۆتایى دەڕوات و لیژنەى دەستورى پێکهاتوە، بۆیە لەئێستاوە خۆى بۆ قۆناغى داهاتوى سوریا ئامادە دەکات."

ئەسەسەرد، پێیوایە"هێرشەکانى تورکیا هەنگاوى پێشوەختن، دەیەوێت پێش کۆتایىهاتنى کێشەى سوریا هەندێک دەستکەوت بەدەستبهێنێت، تا لەداهاتودا مەرجەکانى بسەپێنێت."

بیانوى تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر باکورى سوریا، دروستکردنى ناوچەى ئارام و نەهێشتنى هەڕەشەى دەسەڵاتى کوردەکانە بۆ سەرى، بەڵام بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتى، ڕەتیکردەوە دەسەڵاتى کوردى لەباکورى سوریا هەڕەشە بێت بۆ سەر تورکیا، وتى"تورکیا دەزانێت سوریا لە قۆناغێکى مێژوییدایە، رەنگە ئەمساڵ یان ساڵى داهاتو، کێشەى سوریا بەلایەکدا بکەوێت، دەیەوێت بە رۆیشتنە رۆژهەڵاتى فورات، لەداهاتودا موساوەمە لەسەر رۆژئاواى فورات بکات کە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانى نزیک لە خۆى تێیدان."

بەڕاى ئەسەسەرد، گەڕانەوەى سوریا بۆ کۆمکارى عەرەبى و پشتگیرىکردنى وڵاتانى عەرەبى لەرژێمى سوریا، لەگەڵ دەرچونى ئەمەریکا لەو وڵاتە، بەواتاى نزیکبونەوەى کۆتایىهاتنى قەیرانى سوریا دێن.

سەبارەت بە ڕۆڵى ئەمەریکاو روسیا لە هاوکێشەکانى سوریا، بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتى، رونیکردەوە؛ ڕوسیا ڕۆڵێکى گەورەى هەیە، بەڵام دەیەوێت بەرژەوەندییەکانى لەگەڵ تورکیاو سوریاى داهاتوش لەبەرچاو بگرێت، بەڵام هێشتا بەرچاویشى ڕون نییە، وتیشى"سیاسەتى دەرەوەى ئەمەریکا بە لۆژیک کارناکات و مەسەلەکان بەستراونەتەوە بە تێڕوانینى سەرۆکەوە، لەکاتێکدا سەرۆک لەدەستەبژێرى سیاسى ئەمەریکاوە نەهاتۆتە ناو سیاسەت، بەڵکو لەبزنسەوە هاتوە، بۆیە هیچ وڵاتێک بەقەد ئەمەریکا بەدەست بەتاڵى لەسوریا دەرنەچو، لەکاتێکدا پارەیەکى زۆرى لەو وڵاتە خەرج کرد."

فەرید ئەسەسەرد لەگەڵ ئەو بۆچونەدا نییە، کە پێیوایە ڕوداوەکانى ئێستاى باکورى سوریا دەرئەنجامى رێککەوتنى نێوان سوریاو تورکیا بن و وتی"دۆخەکە لە قازانجى رژێمى سوریایە، سوریا بێ شەڕو بەئاسانى گەڕایەوە ناوچە کوردییەکان، ئەوەى ئێستا ڕودەدات، رژێمى سوریا خەونى پێوە دەبینى، لەماوەى داهاتودا ڕەنگە قازانجى زیاتریش بکات."

لەبەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتى، باسى لە ڕۆڵى کورد و هێزەکانى سوریاى دیموکرات کرد لە سوریاى داهاتودا، ئاماژەى بەوەکرد گەر فاکتەرى تورکى لەبەرچاو بگیرێت کە سوریا لەپێناو دەرچونى هەمو شت دەکات، ئەوا کورد جگە لە مافى هاوڵاتى بون، هیچى دەست ناکەوێت، جەختیکردەوە"بەڵام روسەکان نەرمترن، وا بیردەکەنەوە نابێت کورد بە دەست بەتاڵى لەمەسەلەکە بچێتە دەرەوە، چونکە پێیانوایە سوریاى داهاتو، سوریایەکى لاواز دەبێت و پێویستى بە پشتیوانى سەرجەم گروپەکان بەکوردیشەوە دەبێت."

سەبارەت بە ڕۆڵى ئێرانیش، ئەسەسەرد وتى"ئێران ڕۆڵى هەبو لە نەکەوتنى رژێمى ئێستاى سوریا، بۆیە ئەو رژێمە چاکەى ئێران و روسیاى لەیاد ناچێت، لەمەسەلەى ئاوەدانکردنەوە و هەنگاونان بۆ چاککردنى دۆخەکە، سوریا دەتوانێت سودمەند بێت لە تواناکانى ئێران و روسیا."

لەکۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەى بەوە کرد؛ گەر تورکیا هەمو ئامانجەکانى لە باکورى سوریا پێکا، ئەوا بیر لە فراوانکردنى سیناریۆکە دەکاتەوە، بەڵام بەجۆرێکى تر، چونکە عێراق لەدۆخى شەڕدا نییەو ناتوانرێت سنورى ببەزێنرێت، وتى"قەندیل و شەنگال ئامانجى تورکیان، رەنگە لە رێگەى فشارەوە بۆ سەر هەرێم و بەغدا، چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە کە خۆى ناوى ناوە هەڕەشەى ئەمنى."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×