وێنە...كاروانێكی سەربازی ئەمریكا چوە ناو ئەنبار
  2019-02-09       924       

بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی ئەمنی، ئەمڕۆ شەممە كاروانێكی سەربازی ئەمریكا چۆتە پارێزگای ئەنبار لەرۆژئاوای عێراق.
ئاوێنە: ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم" لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردەوە كە كاروانێكی ئۆتۆمێلی بارهەڵگری ئەمریكی كە ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری هەمەر و تۆپ و زرێپۆشیان هەڵگرتوەو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بینراون لەلای رۆژئاواوە چۆتە ناو پارێزگای ئەنبار.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەدا كە بەشێك لەو كاروانە سەربازییە لە سەربازگەی "وەلید" جێگیربوەو بەشەكەی دیكەشی بەرەو بنكەی سەربازی "عەین ئەسەد" رۆیشتوە كە هێزەكانی ئەمریكای تێدا جێگیرن.
بەپێی ئەو وێنانەی دەست ماڵپەڕەكە كەوتون، كاروانە سەربازییە ئەمریكییەكە دەردەكەوێت كە چەند بارهەڵگرێكن و كەرەستەی سەربازیان باركردوە.
ماڵپەڕەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە وێنەكان لەنزیك قەزای "رەتبە" لە پارێزگای ئەنبار گیراون لەكاتی تێپەڕبونی كاروانەكەدا.            

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×