گرانی پشتی ئێرانی شکاندوە
  2019-11-20       3221       

ئا: ئاوێنە

 

لەماوەی ٤٠ ساڵی رابردودا بەرزبونەوەی نرخی گرنگترین کەلوپەلەکانی ژیان لەکۆماری ئیسلامی ئێراندا بەئەندازەیەک گەورەو زۆر بوە کە ژیانی لەزۆربەی هاولاتیان تاڵ کردوە، تا دێ نرخی پێویستییەکانی گیان رو لەهەڵکشانەو هێزی کڕینی ئێرانییەکانیش رو لەداخورانە.

 

نائارامیەکانی ئەم جارەی ئێران لە ئەنجامی بەرز بونەوەی نرخی بەنزین لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئەو وڵاتەوە دە ستی پێکرد، بەڵام ئەم بڕیارەی حکومەتی ئێران ئەو پریشکە بوو کە فڕێدرایە ناو عامباری کاوە. بە تێڕوانیێک لە ئامارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە چل ساڵی ڕابوردوو لە ئێران  دەردەکەوێت کە لەڕاستیا جامەکە لەمێژە پڕ بوەو بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین تەنیا ڕۆڵی دڵۆپە زیادەکە دەبینێت و بەس.

چل ساڵ پێش ئێستا لە ئەنجامی شۆڕشی گەلانی ئێران حکومەتی شا ڕوخا و کۆماری ئیسلامی ئێران هاتە شوێنی. با لە ڕێگای چەند نموونەیەکەوە بزانین بەرز بوونەوەی نرخەکان لە ئێران بە چ ڕێژەیەک بەرز بۆتەوە؟

لە ساڵی ١٩٧٩ نرخی یەک لیتر بەنزین ١٠ ڕیال بوە (واتە یەک تمەن) ساڵێک پێش ئەوە (واتە لەساڵی ١٩٧٨) نرخی لیترێک بەنزین بە ٨ ڕیال بوو. لە ئێستادا نرخی یەک لیتر بەنزین گەیشتۆتە ٣٠٠٠ تمەن. واتە لەم چل ساڵەی ڕابوردوودا نرخی هەر لیترێک بەنزین ٣٠٠٠ ئەوەندە بەرز بۆتەوە.

نرخی یەک نانی سەنگەک (جۆرە نانێکی ئێرانیە) لە ساڵی ١٩٧٩ بە ٥ ڕیال بوو. لە ئێستادا نرخی هەمان نان لە نێوان ١٦٠٠ بۆ ١٨٠٠تمەنە، واتە نرخی نان ٣٠٠٠ ئەوەندە بەرز بۆتەوە.

یەک کیلۆ گۆشت لە ساڵی ١٩٧٩ نرخەکەی ٢٣ تمەن بووە. نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سور لە ئێستادا لە دەوروبەری ٦٥٠٠٠ تمەندایە، ئەوەش مانای ئەوەیە نرخی یەک کیلۆ گۆشت زیادتر لە ٢٨٠٠ ئەوەندە بەرز بۆتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٩  نرخی یەک لیرە لە ئێران ٤٢٠ تمەن بوو، ئێستا نرخی لیرەیەک لە ٤١٠٠٠٠٠ (چوار ملیۆن و سەد هەزار تمەن زیادترە. کەواتە دەتوانین بڵێین نرخی هەر لیرەیەک ١٠٠٠٠ ئەوەندە زیادی کردوە.

یەک دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕی ئازاد لە ساڵی ١٩٧٩ بەرامبەر بە ١٠ تمەنی ئێرانی بوو. لە ئێستادا نرخ یەک دۆلار بەرامبەر بە١٢٠٠٠ تمەنی ئێرانیە. بە واتایەکیتر نرخی دۆلار ١٢٠٠ ئەوەندە بەرز بۆتەوە.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی ئۆپێک لە ساڵی ١٩٧٩ بە ٣٠ دۆلار بوو، لە ئێستادا نرخی هەمان بەرمیل بە ٦٣ دۆلارە. ئەگەر جیاوازی نرخی دۆلار  بەرامبەر بە تمەن لە ساڵی وەرگرین، ئەوا بەرمیلێک نەوت لە ئێستادا بە ٧٥٨٠٠٠ (حەودسەد و پەنجا و هەشت هەزار تمەنە. ئەمە مانای ئەوەیە کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە پارەی ئێران ٢٥٠٠ ئەوەندە زیادی کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×