دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سامان گەرمیانی دەركردوە
  2020-02-19       5806       

لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردو دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی لەسەر "هەڕەشەكردن" فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سامان گەرمیانی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی دەركردوەو فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر و هەروەها مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە فەرمانەكە ئاگاداكراونەتەوە.

ئاوێنە: دادگای سلێمانی لە فەرمانێكدا رۆژی 17/09/2019 فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سامان گەرمیانی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەركردوە بەهۆی ئەوەی لە بنكەی پۆلیسی سەیوان سكاڵای لەسەر تۆماركراوە.

بەگوێرەی نوسراوەكەی دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی ئەو بەرپرسەی پێشوی یەكێتی بەگوێرەی ماددەی 432 لە یاسای سزادانی عێراقییە كە ماددەكە پەیوەندی بە هەڕەشەكردنەوە هەیە.

دواتر لە رۆژی 19/09/2019، دادگاكە داوای لە هەردو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر و سەرجەم بازگەكان كردوە كە لەبەر پێویستی لێكۆڵینەوە هەڵستن بە جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردنی ناوبراو و ناردنی بە دەستبەسەری بۆ بنكەی پۆلیسی سەیوان.

لەنوسراوێكی دیكەدا رۆژی 14/11/2019، دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی داوای لە مەكتەبی سیاسی كردوە، سامان گەرمیانی بنێرن بۆ بنكەی پۆلیسی سەیوان بۆ وەرگرتنی وتە لێی چونكە فەرمانی دەستگیركردنی هەیە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×