وەزیری ناوخۆ: مەترسی كۆرۆنا لە جاران زیاترە
  2020-05-23       500       

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایدەگەیاند؛ مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جاران زیاترە، بەو پێیەی ئێستا سەرچاوەکەی نادیارە، دەشڵێت: لەماوەی تەنها یەک هەفتەدا زیاتر لە (40) حاڵەت تۆمارکراون.

ئاوێنە: رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژندا بۆ ئەوەیە کەمترین بەرکەوتن لە نێوان هاوڵاتیان دروست بێت.

وتیشی: بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە و هەڵسەنگاندنی تەندروستی و ئاماژەکانی زیادبونی حاڵەتەکان کە لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە (40) حاڵەت تۆمارکراوە، وایکرد قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنین.

وەزیری ناوخۆ رونیکردەوە کە ئەوان بە بە ستراتیژی بەرگریکردن و هێرشکردن توانیان لە رێکارەکانی خۆپاراستن سەرکەوتوبن.

راشیگەیاند؛ فشاری ئابوری و قورسی گوزەرانی هاوڵاتیان وایکرد رێگە بدرێت بە کردنەوەی بازاڕەکان لەماوەی رابردودا، هۆشداریشیدا لەوەی کە مەترسییەکانی کۆرۆنا ئێستا لە هەرێم زیاترە، چونکە سەرچاوەی توشبوەکان نادیارە و پێشبینیش دەکرێت ژمارەیەکی زیاتر لە توشبو لەنێو کۆمەڵگادا هەبێت.

سەبارەت بە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژن وەزیری ناوخۆ وتی: لە رۆژانی دوەم و سێیەمی جەژن ئاسانکاری بۆ جوتیاران و ئەو کەسانە دەکرێت کە هاتوچۆی عەلوە دەکەن، هەروەها نانەواخانەکان و دەرمانخانەکان کراوە دەبن.

لەبارەی دەنگۆی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆش، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند؛ کە ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×