داعش هەڕەشە لەهه‌سه‌ده‌ دەکات
  2019-08-12       1145       
رێکخراوی داعش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکات.

ئاوێنه‌: ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس، گرتەیێكی ڤیدیۆییی رێكخراوی داعشی بڵاو كردووەتەوە، لەو گرتە ڤیدیۆیەدا چەند چەكدارێكی داعش قسە دەكەن و باس لەوە دەكەن، لە سووریا ھێرشی بەرفراوان دژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزە كوردییەكان، كە مەبەستیان ھەسەدەیە دەست پێدەكەن.

داعش لە پەیامە ڤیدیۆیییەکەدا هەڕەشەی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و وتویەتی، ''جارێکی دیکە شەڕ لە نێوان چەکدارانی رێکخراوەکە لە لایێک و شەڕڤانان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەلایێکی دیکە دەستی پێکردووەتەوە و لە داهاتوویشدا ئەو شەڕە چڕتر دەبێتەوە''.

ھەروەھا ژمارەیێک گەنج پیشان دەدرێن، كە كوردن و لەلایەن داعش لەسێدارە دراون.

ئەمە دووهەمین ڤیدیۆیە کە رێکخراوی داعش لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی باغۆز لەلایەن هێزەکانی هەسەدە لە ئاداری رابردوودا بڵاوی دەکاتەوە.

لە کۆتاییی نیساندا داعش ڤیدیۆیێکی بڵاو کردەوە و تیایدا کەسێک دەرکەوت کە خۆی وەک ئەبووبەکر بەغدادی ناساند و هەڕەشەی شەڕی توندی کرد.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رۆژی 6ی ئه‌م مانگه‌ لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، داعش لە سووریا خۆی رێکدەخاتەوە و لە عێراقیش تواناکانی زیاتر دەکات.

بڵاو بوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە كاتێكدایە كە دوو ساڵ لەمەوبەر لە عێراق كۆتاییی داعش راگەیه‌ندرا و له‌ سووریاش ھەسەدە توانیویه‌تی زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ ده‌ست داعشه‌وه‌ بوون ئازادیان بكات.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×