کۆمەڵگەی قەیران

لەشکر قادر ڕەسوڵ
  2019-03-05   
لەدونیای سیاسی ئێمەدا ئەوەی بەشێوازێکی ڕون خۆی مانفێست دەکات غیابی «فیکری سیاسی»یە. ئەگەر بەشێوەیەکی قوڵتر لەدۆخی خۆمان ڕامێنین دەبینین فەزای سیاسی ئێمە فەزایەکی پەرشوبڵاوەو کەمترین سەنتەریبوونی تێدایە. ئەمە وایکردوە کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو دابەشبون‌و پەرتبونێکی مەترسیدار بڕوات. ئەم دابەشبونە بەتەنھا نمایشی کایەی سیاسی نییە، بەڵکو لەھەمانکاتدا دابەشبونێکی کۆمەڵایەتی‌و کولتووری‌و ئاینی گەورەشە، بەجۆرێک وەکئەوەی دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە لەدەرەوەی ھەر سیستەم و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و یاسایی ژیان بکات.

ئەمە وایکردووە ئاسەوار و لێکەوتەکانی ئەم دۆخە تادێت بەرەو دیاردەی مەترسیدارتر و لێکھەڵوەشانەوەی زیاتر بڕوات، تا ئەو ئەندازەیەی دابڕانێکی قوڵ لەنێوان ھاوڵاتی و دەسەڵاتدا دروست بووە. بەم پێیەش ناکۆکیی ناڕەزایی گەورەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە و تابڕوات خەڵک لە دەسەڵات دوور دەکەوێتەوە، هاوکات دەبێتە تاکێکی بەرەنگار و بەرهەڵستکار.

شکستی پڕۆژەی سیاسی لەدونیای ئێمەدا بەگشتی و حیزبە حاکمەکان بەتایبەتی بەشێوەیەکی ڕوون خۆی نمایش دەکات. ئێستا خەڵک بەتوندی بەر ئەو واقیعە زبرە دەکەوێت کە هێزە سیایەکانی دونیای ئێمە ناتوانن هیچ هەنگاوێک بەرەو پێش بنێن و هیچ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی «ڕادیکاڵی» لە بارودۆخ و گوزەرانی خەڵکدا بکەن. بەڵکو ئەمە دواین وزەو تاقەیانە و ناتوانن ھیچ مۆدێلێکی نوێ بخوڵقێنن کە جیاواز بێ لەئەزموونی بیست و حەوت ساڵی ڕابردوو.

دەسەڵاتی کوردی لەبەتاڵیەكی گەورەی فیکری و سیاسی و ئاکاری دایە. بەڵام حیزبی سیاسی کورد بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتی خۆی بەردەوام پەنا بۆ «جوڵاندنی سایکۆلۆژیای جەماوەر و بڵاوکردنەوەی ھوشیاری سیاسی ساختە» دەبات. بۆ ئەو مەبەستەش ئامرازەکانی وەکو «ڕاگەیاندن، ئابووری، دەسەڵات..هتد» وەگەڕدەخەن.

کۆمەڵگەی ئێمە لەپاڵ ڕەخنەی ئەقڵی سیاسی پێویستی بەھەوڵێکی جدیشە بۆ ڕەخنەکردنی (بەشداری سیاسی تاک، ھزری کۆمەڵایەتی، کولتووری سیاسی) کەخۆڵقێنەری ئەم مۆدێلەی حوکمڕانین و ئەم شکڵەیان بە دەسەڵات داوە. بەمانایەکی دی بۆ گۆڕینی فۆڕم و ناوەڕۆکی کولتووی سیاسی «بەتایبەتی ئەو کولتوورە سیاسیەی یەکێتی و پارتی وەکو مۆدێلی ناعەقڵانی و نائەخلاقی بەرھەمیان ھێناوە» ئینسانی کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە ھۆشیاریەکی سیاسی بڵند و بە ویقارە.

بۆ تێپەڕاندنی ئەم نەریتەی «نا ئەقڵانی سیاسی، گەندەڵی ئابووری، دواکەوتویی هزری». ئەوەی پیویستە پراکتیکە نەک دروشم، مارکس گوتەنی: «تیۆر بەتەنها بەس نییە، شتێک بکە. تیۆر تەنها ئەو کاتە دەتوانێ کاریگەر بێت کە بگۆردرێت بۆ هێزێگی ماددی و پڕاکتیک بکرێ». 

 لەدواجاردا بۆ ھێنابەدی ھەمو ئەمانە، پێویستە کاراکتەری جدی و پڕۆژەی سیاسی و فیکری نوێ بێتە ناو دونیای ئێمەوە لەپێناو خوڵقاندنی دونیایەکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری کەبتوانێت دابڕانێکی گەورە دروستبکات لەو نەریتە سیاسیەی ئێستا زاڵە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. هەروەھا لەپێناو بەرەنگاری باشتر و ڕونتر تێگەشتن لەوەی لەدونیای ئێمەدا ڕوودەدات پێویستە دونیای سیاسی ئێمە سوودێکی زۆر لە کایەی ڕۆشنبیری و فەلسەفە و زانستی سیاسی وەربگرێ.
زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×