ھەندێ دەستەواژە وتراوە و بوە بە باگراوندێکی ھزری و لەھۆش و ئاکاری تاک و کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە یەکێک لەو دەستەواژانە ململانێی نەوەکانە زۆر دەمێکە بیست ساڵ زیاترە دەمەوێت لەبارەی ئەمەوە بنوسم و بە دنیا بینیەکی ترەوە کە سروشتی ژیان وایە نەوەکان بە زنجیرەیی بەیەکەوە دەبەستێت و گۆڕانی جەستەیی و ھزری لەنێواندا دروست دەبێت .
لەساڵی ٢٠١١ بوو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لەسەر ململانێی نەوەکان بوو چەند پرسیارێکیان لێکردم ئایا نەوەی نوێ ئینتیمای نەتەوایەتی ھەیە ؟ ئایا ململانێی نەوەکان چۆنە ؟ ئەوکاتە زۆر بە دڵنیاییەوە بەرگریەکی توندمان لەنەوەی نوێ و گەنج کرد وتمان بێگومان ھەستی نەتەوایەتیان ھەیەو ھەر نەوەیەک بەجۆرێک دەری دەبڕێت و پراکتیکی دەکات ، وتم لەگەڵ دەستەواژەی ململانێ نیم ، بەڕای من نەوەکان یەکتری تەواو دەکەن . ئەو کاتە فیدباکێکی ئەرێنی زۆرم پێگەشت کە شتێکی تازەم وتوە و بە دنیا بینیەکی جیاوەوە باسی نەوەکانم کردوە .
لە ئێستاشدا جەخت لەسەر ھەمان بۆچونم دەکەمەوەو بەدەرفەتی دەزانم کە ھەمو چین و توێژەکان بەیەک دەنگ پشتیوانی لە کوردانی رۆژئاوا دەکەن ئەوەی جێی سەرنج بوو گەنج و لاو بوو لە پێشڕەوی خۆ پیشاندان لەراستیدا بەدرێژایی مێژوی کورد لەشۆڕش و خەباتیشا بەشێکی زۆری بزوتنەوەی چەکداریش و سیاسیش ھەر گەنج بوە .
دەستەواژەی ململانێی نەوەکان :
لەناوەڕاستی سەدەی رابردوو بەھۆی پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەدا ، وەک چەمکێکی دەرونی و کۆمەڵایەتی ئەم دەستەواژەیە ھاتە ئاراوەو بەگشتی توێژەرانی بواری کۆمەڵناسی جیاوازی بیرکردنەوەی نەوەکان و درزی نێوان نەوەکانیان باسکرد .
ئەمە تێڕوانینی زۆربەی توێژەرانی کۆمەڵناسی بوو بەڵام بەپێی زۆر سەرچاوە وتەیەک بۆ جۆج ئۆرۆیل دەگەڕێنرێتەوە کە دەڵێت :
ھەموو نەوەیەک خۆی بەزیرەکتر لەنەوەی پێش خۆی دەبینێت و بە حەکیم تر لەنەوەی دوای خۆی .
باسکردنی درزی نێوان نەوەکان لەناوەڕاستی سەدەی رابردوو بەھۆی ئەوەوە بوو نەوەی پێشوو پابەند بوو بە رێکارە باوەکانی کۆمەڵ و نەوەی تازەی چالاک و سەردەمێکی تر رای وابوو پێویستە ئەو رێکارانە و شێوازەی ژیان بگۆڕێن لەبەر ئەوەی بۆسەردەمی ئەمان ناگونجێ . بێگومان گۆڕانکاری لە بواری تەکنەلۆژیا و ھەروەھا ژینگەی جیاوازی رۆشنبیری وکۆمەڵایەتی وسیاسی ھەمووی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەو شێوازی ژیان ھەیە ، زاناکانی ئەو بوارە زۆریان لەوکاتانەدا باسی ململانێی نەوەکانیان کردوە کەلێرەدا جێی ئەو ھەموو باسە نابێت .
بەڵام ئەوەی زۆر سەرنج راکێش بوو بەلامەوە ئەم رستەیەیە کە دەڵێت یان وتراوە :
ئەم نەوەیە بەنازن و بەکەڵکی ھیچ نایەن .
کەئەمەت بەرچاو دەکەوێت واھەست دەکەیت ئێستا وتراوە بەڵام بە قسەی زۆربەی سەرچاوەکان ئەم ڕستەیە لەسەر دیواری سەردەمی فیرعەونی و بە ھیرۆگرافی نوسراوە .
کەواتە درزی نێوان نەوەکان لەزۆر زووەوە ھەیە و ھی ئێستا نیە .
تایبەتمەندی نەوەکان
بێگومان لەرووی تیۆری و شیکردنەوەی بوارەکانی کۆمەڵناسی و فەلسەفی زۆری دەوێت لەبەر ئەوە ھەنگاوە کرداریەکان باس دەکەین کە ئەم درزە بچوک بکاتەوە .
بەپێی دابەشکردنی سەردەمی ئێستا نەوەکان بە پێی تەمەن بریتین لە
١٩٤٦_١٩٦٤ بە نەوەی boomers
Gen x ١٩٦٥_١٩٨٠
Gen y ١٩٨١ _١٩٩٦
Gen z ١٩٩٧_ ٢٠١٢
Gen alpha ٢٠١٣_
نەوەی بومەرز یان الگفرە : لەدوای جەنگی جیھانی یەکەوە دانراوە ناوەکەی بەھۆی زۆری لەدایک بوانەوە ، ئەم نەوەیە پابەندن بە رێکارە باوکان و پارێزگارن لە نەریتەکان.
نەوەی جێن ئێکس : ئەم نەوەیە لە نێوان نەوەی توفرەت و نەوەی دوھەزارەیەو سەرەتای تەکنەلۆژیا و بەنەوەی تەلەفزیۆن دادەنرێن و ھاوسەنگی دەکەن لەنێوان کارو ژیانا و بەسەربەخۆیی تایبەتمەندن .
نەوەی جێن وای : ئەم نەوەیە دووھەزارەیە نەوەی تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێتە بە داھێنان ناسراوە
نەوەی جێن زێت : نەوەی تەکنەلۆژیا ی ژمارەیی سەردەمی سۆشیال میدیا شارەزایی و بەھرەی تەکنەلۆژیای باشیان ھەیە ، بەوە ناسراون درک بە پرسە کۆمەڵایەتیەکانی وەک دادپەروەری و یەکسانیخوازیەکان دەکەن .
جێن ئەلفا : لە٢٠١٠ دەست پێدەکات تا ناوەڕاستی ٢٠٢٠ واتە بۆ ئەو دابەشکاریە ھەرچەند ٢٠١٣ لەزۆر خشتەدایە بەڵام ئەم نەوەیەیە ھەر لە لەدایک بونەوە ئایپاد و تەکنەلۆژیای لەبەر دەستە ، ھاوڵاتی ڕەسەنی ژمارەیین و زیرەکن و لە ڕوی دیموگرافیاوە ھەمەجۆرن ، پەتای کرۆنا بەشێکە لە مناڵیان .
کەواتە : نەوەکان کارلێکێکی سروشتی و ئاسایی نێوان کەس و سەردەمەکەیەتی و ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەیە تیای دەژی بەھەموو ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە بەڵام لەھەموو زاڵتر ھۆکاری تەکنەلۆژیا یە تەنانەت نەوەکان بە تەکنەلۆژیاوە ناو دەنرێت وەک نەوەی تەلەفزیۆن ، نەوەی ئینتەرنێت ، نەوەی ئایپاد .
چی بکەین بۆ کەمکردنەوەی ئەم درزانە، بەتایبەت ئێمەی کورد ئەم سێ تێبینیە بەگرنگ دەزانم :
١_ پێش ھەموو شت ئەوەی لە کورددا ئاسایی نەبوەو مایەی نیگەرانیبوە ئەوە بوە بە سروشتی قۆناغەکانی ژیانی نەبڕیوە بەڵام ئێستا ئەوە کەمتر بوەتەوە نەوەی تەکنەلۆژیا لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دەڕۆن ، ئەمە خاڵێکی ئیجابیە .
٢_ ئەوەی ئەمڕۆ نەوەی کۆنە رۆژێک نەوەی نوێ بوە .
ڕوبەڕوی جیاوازیەکان بوەتەوە بەڵام بەشێوازی جیاواز لەبەر ئەوە درک کردن و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی زیاترە .
٣_ لە شۆڕشەکانی کورددا بەدرێژایی مێژوو گەنج و لاوەکان پێشەنگ بوون ، سەیری ئاماری شەھید و سەرکردەو فەرماندەکان بکەن . ھەروەھا سەیری بواری ھونەر و ئەدەب بکەن دڵدار لەتەمەنی چەندا ئەی رەقیب ھۆنیوەتەوە ....
ئەوەی خاڵی جەوھەریە بەکورتی .
_ نەوەی نوێ ، تەکنەلۆژیا بەکار دەھێنن بە شێوەی بەر بڵاو " لەراستیدا نەوەی پێشوو ش کە خوێندەوارن بەکاری دەھێنن " ، ئەمە ترس و دڵەڕاوکێی لای دایکان باوکان ... دروست کردوە کەبەھۆیەوە نەوەی نوێ توشی ھەڵە یان زیانی تەندروستی ببن .
_ جاران لە ئێوارەوە ئەندامانی خێزان لەماڵەوە بوون ئەگەر سەردانێکیان بکردایە بە خێزانی بوو ئێستا شەو ھۆکاری راکێشانی گەنجانی ھەیە بۆ دەرەوەی خێزان و ماڵ ، ئەمەش ترس دروست دەکات لەبەر سەلامەتی ی توش بوون بەھەڵە .
_ پەیوەندی فراوان و نەناس بەھۆی سۆشیال میدیاوە تۆڕی پەیوەندی ترس دروست دەکات .
ھەنگاوەکان
_ دانپیانان بەیەکتردا بەتواناو تایبەتمەندی یەکتر .
_ جیاوازیەکان بکەن بەبنەمای لەیەک نزیک بوونەوە نەک دورکەوتنەوە .
_ ناونانی نەوەکان و شانازی بە کاتی خۆی ئاساییە بەڵام تکایە با جیلی ئاڵتونی پێی وانەبێت ئاڵتونی عەیارە بیست و چوارەو جێی ھیچ نابێتەوە
نەوەی تەکنەلۆژیا ش گاڵتە بە توانای ئەونەوەیە نەکەن.
_ ھەر زەمانە تایبەتمەندی خۆی ھەیە . پێویست بەترس ناکات لەگۆڕانکاری ،تایبەتمەندیەکانی نەوەی نوێ کەلەگەڵ نەوەی پێشوو نایەتەوە زەرەری نیە پێویست بە بەرپەرچدانەوەی ناکات .
_ زمان و کرداری توند واز لێبھێنرێت ، زمانی دیالۆگ و لەیەکتر گەشتن بەکاربێت .
_ کاری پێکەوەیی .
_ گەڕان بەدوای خاڵی پۆزەتیفی یەکتری.
_ گەڕان بەدوای پردی پەیوەندی.
_ ھەر نەوەیەک باسی نەوەی خۆی زۆر بە شێوەیەک نەکات ئەو ھەمو شتێکی راستەو ئەوی تر ھەموی ھەڵەیە ، دەبێت ئەمە بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
_ نەوەی پێشوتر بە حوکمی ئەزمون و سۆز و ... دەبێت دەستپێشخەر بن بۆ ئەوەی پردێک دروست بکەن لە نێوانیاندا پێش ھەموو شت ڕۆڵ دان ، بەبایەخەوە باسکردن ، دیالۆگ.
_ پێویستە دامەزراوەکان بەرنامەی چڕیان بۆ گەنجان ھەبێت .
_ وەنەبێت ئەم نەوەیە کەبەو قۆناغانەی پێشودا نەڕۆشتوە ھیچ لەبارا نەبوە لەوانەیە باشتری بکردایە .
_ نەوەی پێشوو کەباسی خۆی دەکات زۆربەی باسەکانی باسی کاتی گەنجیەتی ئیتر بزانن کە توانای گەنج چۆنە .
ئێستا
ئەم بابەتە بابەتی ژیانە بابەتی تا ک و خێزان و کۆمەڵگە یە ، ھەموان دەگرێتەوە ، قسەی زۆر توێژینەوەی زۆر ھەڵدەگرێت بەڵام بۆ ئێمە
دەرفەتێکی زێڕینە لەم ھەل و مەرجەی ئێستا بەستەڵەکی نێوان نەوەکان بشکێت پردێکی پەیوەندی دروست بنیات بنرێت و ململانێی نەوەکان بگۆڕێت بۆ قۆناغێکی تازە قۆناغی یەکتر تەواو کردن .