زمانی کوردی: پێشکەوتنێکی تر، سەرکەوتنێکی تر، چاوەڕوانیی دیکەیش

فەرهاد شاکەلی
  2022-05-18   

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش ئەو هەواڵە بڵاو کرایەوە کە گووگل بڕیاری داوە [کوردیی ناوەندی] ببێتە یەکێک لەو زمانانەی کە لە بەرنامەی [Google Translate] دا لە کاردا دەبێت و لە وەرگێڕانی نێوان کوردی و زمانانی دیکەدا دەکرێ سوودی لێ وەربگردرێت.

پێشەکی لە دڵەوە پیرۆزبایی لەو لاوە خۆشەویستانەی کورد دەکەم کە کۆڵنەدەرانە و عاشقانە توانییان ئەم گەنجینە بەنرخە ببەخشن بە نەتەوەی کورد و بە سامانی فەرهەنگیی کورد. دەستتان خۆش کچان و کوڕانی لێهاتوو، نموونەتان زۆر بێت. هەروەهایش پیرۆزبایی لە هەموو کوردێک دەکەم کە زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەی خۆی خۆش دەوێت.

ئەم کارە سەرەتایەکی خۆشیبەخش و جێی شانازییە، بەڵام وەک هەر سەرەتایەک دەبێ هەنگاوی دیکەی بە دوادا بێت و دەبێ بە کاری قووڵتر، زانستیتر و ڕاستتر دەوڵەمەند بکرێت و بپارێزرێت.

پێم خۆشە بەم بۆنەیەوە چەند سەرنجێک لەبارەی ئەم ڕووداوەوە دەرببڕم و هیوادارم ئەو لاوانەی کارەکەیان ئەنجام داوە، هەروەهایش دەستەڵاتی سیاسیی کورد و خوێنەوار و ڕووناکبیرانی کورد، سوودی لێ وەربگرن:

یەکەم: بەکارهێنانی ئاوەڵناوی [سۆرانی] لەگەڵ ناوی زمانی کوردیدا هەڵەیەکە و نابێ بە هیچ جۆرێک ڕێگە بدرێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە. بە ڕاستی ناوهێنانی ئەو شێوەیەی زمانی کوردی وەک سۆرانی، سووکایەتیکردنە بە کورد و بە زمانی کوردی. لە ماوەی چەند سەدەدا لەناو کوردناساندا هەمیشە بەو شێوەیەی زمانی کوردی وتراوە [کوردیی ناوەندی: Central Kurdish].  ئەوانەی پێی دەڵێن [سۆرانی] دوو جۆرن؛ یا لە نەزانینەوەیە یا هەڵوێستێکی ناحەزانە و نادۆستانەیان بەرانبەر ئەو شێوەیە و ئاخێوەرانی هەیە. دەبێ لاوانی خاوەن پرۆژەکە، بەڕێوەبەرانی گووگڵ تێبگەیێنن کە دەبێ ناوە ڕەسمییەکەی [کوردیی ناوەندی: Central Kurdish] بێت. بۆ ئەوەی هەردوو شێوە کوردییەکەی گووگڵ پێکەوە ببینرێن، دەتوانن وای بنووسن: Kurdish (Central) . [کوردیی ناوەندی]، بۆ ئەوەی بە هەڵە تێینەگەن، تێرمێکە لە جیۆگرافیای زمانەکەوە هاتووە، چونکە تاکە شێوەی زمانی کوردییە کە ڕێک دەکەوێتە ناوەندی کوردستانەوە.

دووەم: ئەو گەنجینە وشە و دەربڕینە کوردییانەی ئێستا لە بەرنامەکەدا لە بەردەستدان، دەبێ چاوی پێدا بگێڕنەوە، چونکە دڵنیام زۆر لایەنی لاواز و بگرە هەڵەیشی تێدان. پێش تاوێک، هەر بۆ نموونە، وشەی [Culture]ی ئینگلیزیم دانا، دەبینم بۆ بەرانبەرە کوردییەکەی دەڵێ [کەلتوور]، لە کاتێکدا [Culture]ی ئینگلیزی واتای زۆرتری هەیە و [کەلتوور] وەرگێرانێکی باش/ڕاست نییە. ئەگەر هەر دایدەنێن، با ببێتە دوایین هەڵبژاردە، نەک تاکە هەڵبژاردە. [Culture] ی ئینگلیزی لە کوردیدا دەبێتە [فەرهەنگ، شارستانەتی، نەریت]، دوای ئەوانە دەکرێ [کەلتوور و ڕۆشنبیری]یش دابنرێن. دیارە [فەرهەنگ] باشترین و ڕاستترین وشەیە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە وشەی [فەرهەنگ] لە تێکستێکدا بە زمانی پەهلەوی بە کار براوە و تێکستەکەیش ناوی کوردی تێدا هێنراوە. زمانانی پەهلەوی و ئاڤێستا دوو نزیکترین زمانی کۆنی ئێرانین لە زمانی کوردییەوە.

سێیەم: زۆر گرنگە لە ئێستاوە ڕێنووسێکی باش و ڕاست و زانستی بە کار ببرێت. دەزانم بۆ ئەو لاوە خۆشەویستانە، ئەمە ئەرکێکی ئاسان نییە، ئەگەر نەڵێم ئەرکێکی سەختە. ئەمڕۆ بە دەیان کەس خۆیان وەک زمانزانی کورد و وەک شارەزای بواری ڕێنووس و ڕێزمان دەبەنە پێشەوە و خۆ دەنوێنن، بەڵام بەشی زۆریان نە زمانناسن، نە کوردیزانن، نە شارەزای ڕێزمان و ڕێنووسن. کار و بەرهەمی هەندێکیان، زیانێکی گەورەی گەیاندووە و دەگەیێنێتە زمانی کوردی.

دروود بۆ زمان و فەرهەنگی کوردی و بۆ هەموو ئەوانەی خۆشیان دەوێت و وەک نیشانەیەکی بەرز و پیرۆز دەیبینن.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×