ئەنفال و جینۆسایدی داگیرکەران، دزینی ئایندەی نەوەکانمان بەردەوامە

عوسمان عەسکەری
  2026-04-15     237

پێشمەرگەی دێرین

 

مێژووی کورد، مێژوویەکی پڕ لە برینی قووڵە، جینۆساید و تراژیدیا بوونەتە ڕەگ و ڕیشەی مێژووی ئێمە. لە دەستپێکی سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا، کورد تووشی زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی و جینۆساید هاتووە کە هەر یەکێکیان برینێکی قوڵی لە ناخی تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگەیەدا جێهێشتووە. دواجار ئێمە ئەو نەتەوەیەین کە لە ئاگر و ئاسنی ئەنفال و هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیەکانی داعش هاتووینەتە دەرێ. سەڕەرای هەموو ئەم برینانە، تراژیدیاکان بوونەتە هۆی دروستبوونی موراڵێکی نوێ لە ناو گەنجانی نەتەوەکەدا کە بە هێز و بیرێکی نوێ بەرەو داهاتوو بڕوات. ئەوەی کوردستانی کردووە بە شوێنێکی بەرگریکار لە مێژووی خۆیدا، ئەوەیە کە گەلی کوردستان هەرگیز کۆڵی نەداوە تا ناسنامە و زمان و نیشتیمانەکەی خۆی لە دەست بدات، لە کاتێکدا هەر گەلێکی تر بوایە، لەبەردەم ئەو هەموو شەپۆلانەی تاوان و جینۆسایددا، وردوخاش دەبوو بەڵام کورد مایەوە، ماوەتەوە و دەڕوانێتە ئاسۆی ڕوون. ئەوەی ئێستا جێگای سەرنج و ژانە، ئەو بەرگریەیە کە کۆمەڵگەی ئێمە لەبەردەم "جەنگی ناوخۆیی و "گەندەڵی"دا دەیکات، بەتایبەت وا دەنگ دەدات کە هەموو هەوڵەکانی دااگیرکەران لە لایەک و دەسەڵاتدارانی ناوخۆش لە لایەکی دیکەوە بەو ئاراستەیە بن کە پەیکەری ئەم مێژووە خۆڕاگرییەی گەل تێک بشکێنن و هەنجن هەنجنی بکەن.

لەم هەرێمەدا، گەندەڵییەکی سیستماتیک و مۆدێرن پەیڕەو دەکرێت. بۆیە هیچ کەسێکی ڕاستبێژ نادۆزیتەوە هەست بە نادادپەروەرییەکی قووڵ و ئازارەکانی ژیان و ژانی بژێوی نەکات، خێزانێک نیە هەسەت بەو تاریکییە تۆخە نەکات کە ئایندەی مناڵ و نەوەکانی داگیر کردووە. بەتایبەت، کاتێک ئەوانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاتوونەتە سەر دەسەڵات، لەبری ئەوەی کۆمەڵگایەکی ئاوەدان و پڕ هارمۆنی ساز بدەن، لەبری بنیاتنانی مرۆڤ و ژێرخانی زانستی، سەرقاڵی دابەشکردنی غەنیمە و سامانی جوگرافیای ئەم وڵاتە بوون بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و شازادەکانیان. ئەوەی دەگوزەرێت تەنیا گەندەڵی نییە، بەڵکو دەتوانین ناوی بنێین "تیرۆرکردنی" ئایندەی نەوەکانمان و دزینی داهاتووی گەلە.

دوێنێ بەتەنیشت چەند ئەی تی ئێمێکدا گوزەرم کرد، بە دەیان مرۆڤی تێکۆشەر و جوامێرم دیت کە بە کارتێکی بانقە فەیکەکانی دەستیانەوە، ڕیز ڕیز چاویان بڕیبووە پێڵاوەکانی خۆیان و دۆش دامابوون.

بینینی ئەو هەموو مرۆڤە میرخاسانە لەبەردەم بانک و ئەی تی ئێمەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکاندا، لە کاتێکدا بە چاوێکی پڕ لە بێهیواییەوە چاوەڕێی مافە سەرەتایییەکانیان بوون، نیشانەی شکستی کەرامەتی هەمووانە لەبەردەم سیستمێکی چەوسێنەردا. ئەم بێدەسەڵاتییەی مرۆڤی ئێمە، دەنگدانەوەی ئەو تراژیدیا گەورانەیە کە لە ئەدەبیاتی جەنگدا دەیانخوێنینەوە، هەر بۆیە بەسەرهاتی تاوانەکانی جینۆساید و پرۆسەی تاوانەکانی ئەنفال، ئەو چیرۆکە نەخوازراوانەن کە دەسەڵاتداران بێزار دەکات.

بێگوومان کاتێک سەرۆک حزب و دەسەڵاتدارەکانی ئەم هەرێمە نەتوانن سادەترین خزمەتگوزاریی وەک مووچە، سیستەمێکی خوێندنی شایستە، ئەمانەتی بانکی کارا، ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاری تەلەفۆن و ئینتەرنێت یان ژێرخانی ئابوری و هەلی کار بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابین بکات، هاووڵاتییەکەی هەست بە نامۆبوونی خۆی و دزی مافەکانی بکات، ماناکەی ئەوەیە کە ئەم نیشتمانە بەرەو داڕووخان دەچێ و "لە ناوەوە" دەڕووخێت.

کارەساتەکە لێرەدایە.. ئەوانەی بڕیار بوو پارێزەری ئەم خاکە بن، خۆیان بوونەتە هۆکاری فەرامۆشکردنی ئەنفال و جینۆسایدی گەل و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی داگیرکەران، بۆیە ئەنفال و جینۆساید، وێرانکردنی کوردستان و دزینی ئایندەی نەوەکانمان بەردەوامە.

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×