بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتوەکان؛ لە سێ کەسی غەززە، یەکیان لە هەفتەیەکدا، تەنها دوو ژەم نانی دەستدەکەوێ. کە دەشچن بۆ خواردن وەرگرتن، دەکەونە بەر دەسڕێژی گولەی ئیسراێیلەکان و بەشێکیان دەکوژرێن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بۆ سێ ساڵ دەچێت، خەڵکی غەززە، کەوتونەتە نێوان بەرداشی شەڕی دوو لایەنی تیرۆریست. حەماس لەناو کون و تونێڵەکانەوە و، باڵی تێرۆرستی ئیسراێیل لە سەر زەمین و لە ئاسمانەوە.
حەماس و ئیسرائیل، وەک دوو گامێشی وەحشیی توڕەی ڕق لەیەک، ملیان لەملی یەکە. گۆڕەپانی ئەم شەڕە، شار و گوند و باغ و موڵکی خەڵکی غەززەیە. کەوتۆتە ژێر سمی گامێش و وێران کراوە.
بۆ سێ ساڵ دەچێ، دەربەدەرکراون، بە سەرمای زستان و قرچەی گەرمای هاوین، لە ناو خێمە و کەپری پلاستیک دا دەژین. ڕۆژانە، تۆپ و تەیارەیان بەسەرەوەیە.
قەتڵوعامی ئیسراێیل دەرهەق بە خەڵکی غەززە، لە پاش ئەنفالی سەدام دەرهەق بە کورد، زوڵمێکی بێوێنەیە. گەیشتۆتە ئاستێک، ویژدانی مرۆڤ ئازار دەدات. بەپێی تێگەیشتنی زۆربەی ڕێکخراوە مرۆییەکان، شەڕەکە، چوەتە ئاستی حینۆساید، سوتماکی خاک و دەرپەڕاندنی خەڵک لەسەر موڵک و زادی خۆیان. ئەمانە سەرپێچین لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان.
وەک هەڵوێستێک، ژمارەیەک خێرخوازی کورد، هەڵمەتێکی کۆمەک کۆکردنەوەیان ئەنجام داوە. تا ئێستا چەند بڕێکیان گەیاندۆتە غەززە. لەئاکامدا، خەڵکانێک کەوتونەتە جوێن و سوکایەتی پێیان گوایە؛
١. بۆچی برسیەکانی کوردستانەکەی خۆیان کە بێ موچەن، یا منداڵانی ڕۆژاوا، بەسەر ناکەنەوە و بازیان دوە بۆ غەززە؟
٢. ئەمە بۆ خێر نیە. بۆ خۆهەڵکێشانە. خزمەت بە ئیخوانەکانە. هاوکاریە بۆ حەماسی تیرۆریست. ئەوەی ئەم کارە بکات کورد نیە. ئەمانە و زۆر تۆمەتی نەفامانەی تریش دراوەتە پاڵیان.
کورد گەلێکی ستەمدیدەیە. بەدەستی بێگانە و خانەخوێی خۆی برسی کراوە. ئەنفال و قەتڵوعامی دیوە. دەربەدەری و ماڵوێرانیی دیوە. ڕۆژانێک بو، سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو، لە کۆڕەوەکە، وێنەی مناڵی کورد بە قاپێکی بەتاڵەوە، ویژدانی دنیای جوڵاند. مرۆڤ لە چوارئیقلیمی دنیاوە، بۆ کۆمەکی کورد، هاتنە مەیدان. بایی دەیان ملیۆن دۆلار، خواردن و پیخەف و دەرمانیان گەیاندە ئاوارەی شاخ و کێوەکان. ئەم کۆمەکەی خاوەن ویژدانانی دنیا، لەبەر ئەوە نەبو کە پشتیوانی حیزبەکانی کوردستان بوون. لەەبەر ئەوە نەبو کە پشتیوانی کوردایەتی بوون. هەندێکیان -ئەوسا - تەنانەت نەشیاندەزانی کورد کێیە، بەڵام دەیانزانی مناڵی برسی کێیە. تەنها لەبەر ئەوە کۆمەکیان نارد چونکە پشتیوانی مرۆڤ بوون.
ئێمە دەبێ لە پێشەەوەی هەڵمەتی کۆمەکی قوربانیانی دەستی ڕەگەەزپەرستی و جێنۆساید بین. چونکە ئێمە دەزانین تامی تاڵی ڕەگەزپەرستی چۆنە. چێشتومانە. ئێمە کۆمەڵکوژ کراوین و دەکرێین، ئێمە قوربانیی ڕقی کەسانێکین، تەنها لەبەرئەوەی، ئەو زمانەی قسەی پێ دەکەین لەوەی ئەوان ناچێ. ئەو دین یا مەزهەبەی لە سەرین، لەوەی ئەوان ناچێ.
هیوادارم ئێمەی کورد هەستی مرۆڤایەتیماان لاواز نەکەین. هەست بە برسێتی ئەوانی تر سیفەتێکی بڵندی مرۆڤە. کۆمەک بۆ غەززە کۆمەک نیە بۆ حەماسی تیرۆریست. کۆمەکە بۆ منداڵێک کە هێشتا نە قورئانی خوێندۆتەوە و نە تەوڕات.
تاکی کورد، دەبێ، لەهەر کوێ مناڵێکی دەربەدەری برسیی بینی، پێش نەتەوەکاانی تر ویژدانی بلەرزێ. هەستکردن بە ئازاری خەڵک - بەئینگلیزی پێی دەڵێن Compassion -، بڵندترین سیفەتی ئینسانیە. با ئەو سیفەتەمان هەر بمێنێ.
ئافەرین ئەو کوردەی توانیویەتی سکی منداڵێکی برسیی غەززە تێر بکات. جا چ لەپپێناوی خوا بوبێت، یا تەنها لەپێناو مرۆڤایەتی. چ لەلایەن ئێسلامێکی خواپەرستەوە بوبێت، یا عیلمانی و مولحدێک. ئەم ژەمە خواردنە، ئەو سکە هەر تێر دەکات. خواردن مەزهەب و ئینتیمای سیاسیی نیە. هەڵەیە بڵێین تا منداڵێکی کورد برسی بێت حەرامە مناڵی خەڵک تێربکەین. ئاستی مرۆڤ ئەوکاتە بڵندە، کە یەک نانی هەیە و لەگەڵ برسیەک لەتی دەکات. جێگەی سەرنجە، - بەڵام سروشتیە -, کە هەژارەکان بەرامبەر بە برسیەەکان، بەخشندەترن. چونکە ئەوان تامی تاڵی برسیێتی دەزانن .سەرنجێک بدەن، بەشێک (نەک هەموو) لەوانەی قسەی سوکی ژەهراویان وت، تێرەکان بوون. ئەمڕۆ تا برسیەک جوێن دەدا، هەزاران تێر، جوێنفرۆشی دەکات. چونکە جوێنفرۆشی لەسەر سکی تێر ئاسانە. وەک ئەو قسە هەڵەیەی بەڕێزێک بەر لە چەەند مانگێک فەرموی؛ ( کەرامەت لە نان گرنگترە). ئەم هەڵەیە تەنها تێر دەیکات. برسێتی دەردێکی کەمەرشکێنە. کەرامەت یەکێ لەو سیفەتانەی مرۆڤە کە برسیێتی هەڵیدەوەرێنێ.
مرۆڤدۆستەکان لە سەرووی تەپوتۆزی ڕقەوە کێشەکان دەبینن. کە سیاسیەکان ڕق و کینە چاویان تاریک دەکات، مرۆڤدۆستەکان بە دیدی ویژدان ڕۆشەنی دەکەنەوە. ئەمە سیفەتێکی جوانی ئینسانیە. ئافەرین کۆمەک نێرەکاانی کورد.

ئەمە (ئەمیر) ە، مناڵێکی غەززە . لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ١٢ کیلۆمەتر بە پێی پەتی، ڕۆیشت بۆ وەرگرتنی خۆراک ، تۆزێ نیسک و برنجی دەست کەوت. وێنەکە لەلایەن (تۆنی ئەگویلار) کارمەندی خێرخوازەوە گیراوە. دەڵێ؛ ئەمیر لە دڵخۆشیا هات بەرەو ڕووم و دەستی ماچ کردم و گەڕایەەوە. دوای تەنها دوو خولەک، بەبەرچاوی خۆمەوە، بە فیشەکی ئیسراێیل کوژرا. (ئەمیر), هێشتا نە قورئانی خوێندۆتەوە و نە تەوڕات. کەچی لە شەڕی نێوان ئەم دوو کتێبەدا کوژرا.

