پێشەکی
دەوترێت تامی کارەسات هەتا تاڵتر بێت، وانەکەی بەنرخترە. بۆ کورد، کە مێژووەکەی پڕە لە هەوراز و نشێوی بێ بڕانەوە، ئێستا ساتەوەختی ڕامانە لەو دیوی تەپوتۆزی ڕووداوەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە سوریادا دەگوزەرێت، تەنها گۆڕینی ڕژێمێک نییە بە هێزێکی تر، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی سەختی تری نەتەوەییە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەتوانین ئەم شیوەنە ڕابگرین و کارەساتەکە بکەینە دەرفەتێک بۆ ڕزگاری؟
وەهمی هاوپەیمانێتی و حەقیقەتی بەرژەوەندی
لە ساڵی ٢٠١١وە، کاتێک کورد لە ڕۆژاوا زووتر لە پێکهاتەکانی تری سوریا درکی بەوە کرد کە ماف تەنها بە چەک لە ڕژێمی بەعس دەسێنرێت، خەباتێکی بێوێنە دەستی پێکرد. لە ٢٠١٤ و لە لوتکەی گەشەی داعشدا، ئەمریکا و هاوپەیمانان کوردیان وەک "جەنگاوەری سەر زەوی" دۆزییەوە. ڕێککەوتنەکە ڕوون بوو: "چەک لە ئەمریکا و خوێن لە کورد".
بەڵام هەڵە کوشندەکە لە تێنەگەیشتن لە "ناونیشانی" ئەم هاوپەیمانێتییە بوو. ئەمریکا کوردی وەک "هاوپەیمانی شەڕی داعش" پێناسە کرد، نەک وەک هاوپەیمانێکی سیاسی یان نەتەوەیی. لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، "بەرژەوەندی" حاکمە نەک "مەبدەئ". ئەمریکا نەبووە خزممان، بەڵکو تەنها بۆ ئەرکێکی دیاریکراو پشتی پێ بەستین. کارەساتی ئێمە لێرەدا ئەوە بوو کە ڕابەرانی ڕۆژاوا وایانزانی ئەم هاوکارییە سەربازییە، گرەنتییەکی ئەبەدییە بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی کورد.
هەڵە ستراتیژییەکانی ڕۆژاوا: لە دوو لاوە دەستبەستراوی
١. وابەستەیی بە پەکەکەوە: نەپاراستنی سەربەخۆیی فکری و سیاسی و وابەستەبوونی تەواو بە بڕیارەکانی "قەندیل"، وایکرد ڕۆژاوا نەتوانێت وەک قەوارەیەکی سوریی سەربەخۆ خۆی نیشان بدات. ئەمە نەک هەر تورکیای کرد دوژمنێکی سەرسەخت، بەڵکو دەرفەتی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیشی لە کورد زەوت کرد. نەیتوانی لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی دیمەشق، بڕیاری ڕاستەوخۆ بە بەرژەوەندی کوردی سوریا بدات. لەلایەکی تریشەوە شەڕڤانان نەیاندەتوانی لە فەرمانی ئەمریکاش دەربچن، بەمە کوردی سوریا لە دوو لاوە دەستیان بەسترا، .
٢. خۆنە گۆڕین لە هێزێکی کوردیەوە بۆ هێزێکی سوری گشتگیر:
لە ٢٠١٤ کە یەپەگە توانی داعش ڕاوبنێ بۆ دوا مۆڵگە کانیان لە ڕەققە. شەڕڤانان پانتاییەکی چەند جار گەورەتر لە خاکی کوردستان، کە خاکی عەرەب بوو، و دانیشتوانێکی عەرەبی چەندجار ئەوەندەی کوردیان کەوتە بەر دەست. بۆیە ئەمریکا ناچاربوو کە ناوەکەیان لە یەپەگە و بگۆڕێ بۆ قەسەدە ( قوات سوریا الدیمقراتیە) ،قەسەدە نەەیتوانی بەم وەزنەوە بچێتە دیمەشق بۆ گفتوگۆ. وەک کورد چوو، ئەمە هەڵە بوو..
ئەحمەد شەرع و وێنە گەورەکە
ئەمڕۆ "ئەحمەد شەرع" (الجولانی) وەک حاکمی نوێ دەردەکەوێت. پێویستە تێبگەین کە ئەویش وەک داعش، هێزێکی کاتییە و بۆ ئامانجی دیاریکراو بەکاردێت: یەکەمیان بۆ وازهێنان لە چۆلان و قونەیترەرە و ڕە نگە لە ئایندە شوێنی تریش بۆ ئیسرائیل بە ڕەسمی.
دوهەم: کشانەوەی سوریا لە بەرەی ئێران و لێدانی هەژموونی شیعە لە ناوچەکە، پاشان وەک فشارێک بۆ سەر شیعەی عێراق بە ئامانجی لاوازکردنی ئێران. . ئازادکردنی هەزاران زیندانیی داعش لە کاتێکدا ئەمریکا تەنها دوو کیلۆمەتر دوور بوو، نیشانەی ئەوەیە کە یارییەکی نوێ لە ئارادایە کە تیایدا "تیرۆر" جارێکی تر وەک ئامرازی سیاسی بەکاردێتەوە.
چی بکرێت؟ وانەیەک لە مێژووەوە
کورد دەبێت فێری "ڕیالیزمی سیاسی" بێت. دۆستایەتیی ستراتیژی لەگەڵ گەلانی دراوسێ (عەرەب، تورک، فارس) و هاوپەیمانیی کاتی لەگەڵ هێزە دوورەدەستەکان بکات. هەڵەیە پێمان وابێ ئەمریکا بوو بە خزممان! . مام جەلال ڕاستی کرد کاتێک نەیکردە دوژمنایەتیی ئێران و سوریا لەبەر خاتری ئەمریکا، چونکە دەیزانی دراوسێکان ئەبەدین و ئەمریکییەکان میوانن.
ئێستا کاتی "خۆڕاگریی ئیسفنجی"یە؛ هەڵمژینی فشارەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکە. کورد ٤٥ ملیۆنە و بە هیچ هێزێک سەرکوت ناکرێت ئەگەر ئیرادەی هەبێت. دەبێت ئیلهام لە ساڵی ١٩٧٦ وەربگرین، کاتێک شۆڕشی نوێ لە سفرەوە دەستی پێکرد و ڕووبەڕووی هەموو دونیا بووەوە، بەڵام چۆکی دانەدا چونکە پشتی بە "ڕەوایی مەسەلەکەی" بەستبوو.
کۆتایی
پێویستە جیهان فێر بکەین کە شەڕڤان تەنها "داعشکوژ" نییە، بەڵکو جەنگاوەری ئازادیی نەتەوەیەکی ستەملێکراوە. ئەگەر شەڕڤانان بتوانن لەم چەند هەفتە چارەنووسسازەدا بەرگری بکەن و پێگەی خۆیان بپارێزن، هاوکێشەی نوێ دێتە پێشەوە. شەرع و گروپەکانی تریش تەنها کاتێک دان بە کورددا دەنێن کە بزانن کورد وەک "ئەکتەرێکی سەرەکی" لە مەیدانەکەدا ماوەتەوە. کارەساتەکە تاڵە، بەڵام ئەگەر وانەکەی وەربگرین، دەبێتە سەرەتای چاپتەرێکی نوێ لە مێژووی کورد.