نا-سەقامگیریی بەهای دراوی عێراقی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

بەهرۆز جەعفەر
  2023-11-12     423

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئامرازێکە بۆ هەرێمی کوردستان نەک ئامانجێکی باڵا. وەزیری نەوتی عێراق و شاندێکی باڵا دێنە هەولێر لەبەرئەوە نییە عێراق نیزیکەی هەشت مانگە دەیەوێ نەوتی هەرێم سەرلەنوێ هەناردە بکرێتەوە (بەڵێ هەناردە دەکرێتەوە). لەبەرئەوەیە:

یەک/ لەمیانەی جەنگی غەززەوە نا-سەقامگیرییەکی گەورە ڕووی کردۆتە بەهای دیناری عێراقی، ئەگەر لەسەرەتای (٢٠٢٣) دا (١٤) بانک لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە خرانە لیستە ڕەشەکەوە، بەتۆمەتی ناردنی دۆلار بۆ ئێران و ڕووسیا و ئەملاولای دیکە، ئەمجارەیان دوور نییە خودی بانکی ناوەندی عێراقی بخرێتە لیستە ڕەشەکەوە، چوونکە وا دیارە بانکی ناوەندی کۆنترۆڵی بەسەر دۆلار و بازاڕ و دراوەکەی خۆشیدا نییە. سەرۆکوەزیرانی عێراق "محەمەد سودانی" وتارێکی لە گاردیان نووسیوە " لەماوەی ساڵێکدا چیم کردوە" لە ڕاستییدا ئەو هیچی نەکردوە، هەر دەڵێ کارەبا چاک دەکەین بە (٢٧) ملیار دۆلار سمس و جەنەرال ئەلیکتریک خەریکی ئیشەکەن، ئەوە زیاتر لە (١٧) ساڵە هەمان قسە هەر دەکرێ. پوختەکە ئەوەیە لە میانەی هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ەوە (٤٣) جار لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانەوە هێرش کراوەتە سەر بنەو بارگەکانی ئەمریکا لە عێراق. سەرۆکوەزیران لەلایەک گەندەڵەکان هەموو بەلای ڕاست و چەپیدا دانیشتوون، لەلایەکیش نوێنەری ئەوانەیە کە ئەمریکا پێی وایە میلیشیان لە عێراق! بۆیە ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق کەمکردۆتەوە، وا بڕوات نایهێڵێت، ئیتر وەبەرهێن و بازرگانەکانیش لەناوخۆدا پێویستیان بە دۆلارە، کەواتە خواست زۆر دەبێ و بەهای دۆلار بەرزتر دەبێتەوە. 

دوو/ بە دەیان کۆبونەوە و نێوەندگیریی ئینجا ئەمریکا ڕازی بوو عێراق لە تەمموزی ٢٠٢٣ دا پارەی قەرزی کارەبای ئێران بداتەوە کە هی ساڵانی پێشوە. کەچی ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی عێراقی- ئێرانی " حەمید حوسێنی" هاتوە دەڵێ : قەرزەکانمان لەسەر عێراق ١٨ ملیار دۆلاری دیکەیە! ئنجا ڕووسیاش چوار کۆمپانیای گەورەی لە عێراقە و بەهای وەبەرهێنانەکەی لەنەوتدا گەیشتوە بە (١٩) ملیار دۆلار. 

قسەی کۆتایی، ئەوەیە سودانی و کابینەکەی لەبەر فشار و هەڵوەشانەوەدایە، لایەنی کەم کێرڤی بەرەو خوارە بە خێرایی. هەرچی ئابوریی عێراقە لە مەودای نزیک کە ساڵی ئایندەیە بەهۆی زۆری ئەو ڕێژە زۆرەی مووچەخۆر لەکەرتی گشتییدا، بەهۆی گەندەڵییەکی زۆرەوە کە سودانی لە وتارەکەی گاردیان لایوایە کێشەی پلەیەکی بەردەم کابینەکەی گەندەڵییە، بەهۆی نەبوونی کۆنترۆڵ بەسەر دراو و بازاڕدا، بەهۆی نەبوونی هێزی دەوڵەت لە دەستی دەوڵەت خۆیدا، دەکەوێتە بەر هەڵاوسانێکی گەورەو دادەڕمێ، ئەوەش ڕەنگە کۆتا کابینەو حکومەت بێت لە عێراق دا!   

ئێستا کاتی ئەوەیە، هەرێمی کوردستان کارتی دابین کردنی مووچەی هاوڵاتیان، کارتی دابین کردنی لایەنی بەرگریی و سەربازیی بۆ هەرێم بخاتە بەردەم سودانی و کابینەکەی، ساڵانە عێراق بە ملیارەها چەک و چۆڵە دەکڕێ گوللەیەک نادات بەهەرێمی کوردستان، هەروەها هەنگاوی کردەیی لە پرسی هەڵبژاردن و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا بنرێ.  هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستکەوت و خاڵێکی وا گەورە نییە، خۆی هەر هەناردە دەکرێتەوە، هەر دەبێ بەو ڕێگەیەدا بڕوات کە پێشوتر ڕۆیشتوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: پڕۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی هات
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەلایەک بە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا
دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار دواخرا؛ پارێزەران باس لە «سیناریۆ و گوشار» لەسەر تۆمەتباران دەکەن
پەرلەمانتارێک: وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد
هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ مه‌سرور بارزانی: مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا پارێزراو ده‌بن
پێشڕەویی حوسییەکان بەرەو شاری موخا؛ هاوکێشەی سەربازی لە دەوروبەری بابولمەندەب دەگۆڕێت
حکومەتی هەرێم بەپێی سەرژمێریی نوێ داوای 14.1%ـی بودجەی عێراق دەکات؛ "مەبەستمان بودجەی گشتگیرە نەک تەنها مووچە"
ئیسرائیل بە هەزارو ١٠٠ تەن تەقەمەنی تونێلەکانی "عەلی تاهیر"ی وێران کرد
دادگای سلێمانی ئەمڕۆ وتەی لاهور شێخ جەنگی و پێنج دەستگیرکراوی دۆسیەی لالەزار وەردەگرێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×